هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان پاشه‌كشه‌ له‌ پاڵه‌وانیه‌تییه‌ك ده‌كات

'به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه‌'

K24- هه‌ولێر

هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان ناتوانێت به‌شداریی نۆروه‌ی كه‌پ بكات كه‌ ساڵی رابردوو توانی ببێته‌ پاڵه‌وانی جامه‌كه‌.

شوان ره‌وف، به‌ڕێوه‌به‌ری په‌یوه‌ندییه‌كانی فێدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان له‌ لێدوانێكی بۆ كوردستان24 رایگه‌یاند، ئه‌مساڵ ناتوانین به‌شداریی نۆروه‌ی كه‌پ بكه‌ین كه‌ به‌ به‌شداریی 72 هه‌ڵبژارده‌ له‌ نه‌رویج به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و تایبه‌ته‌ به‌ ئه‌و یاریزانانه‌ی كه‌ ته‌مه‌نیان له‌ خوار 20 ساڵانه‌.

شوان ره‌وف له‌باره‌ی هۆكاری به‌شداری نه‌كردنی هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان له‌م پاڵه‌وانیه‌تییه‌ رایگه‌یاند، دوو هۆكار رێگرن له‌به‌رده‌م به‌شداریی كردنمان، یه‌كه‌م ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌م بۆ ده‌ستپێكردنی جامه‌كه‌ ماوه‌ كه‌ له‌ مانگی ته‌ممووزی داهاتوو ده‌ستپێده‌كات و هۆكاری دووه‌میش قه‌یرانی داراییه‌، بۆیه‌ ناتوانین به‌شداریی جامه‌كه بكه‌ین، هه‌رچه‌نده‌ چه‌ندین جار رێكخه‌رانی پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌ ئاگاداریان كردووینه‌ته‌وه‌.

هه‌ڵبژارده‌ی لاوانی كوردستان ساڵی رابردوو به‌ راهێنه‌رایه‌تی ئه‌رسه‌لان جه‌لال بووه‌ پاڵه‌وانی جامه‌كه‌.