نێچیرڤان بارزانی: كلیلی چاره‌سه‌ر ئه‌مه‌یه
"دوايين پێشهاته‌كانى پرۆسه‌ى سیاسیی عیراق، دۆخی شەنگال و ناوچەكانی مادەی سەد و چل، مەترسیی تیرۆر، گفتوگۆییان له‌باره‌وه كرا"
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی (كۆمیته‌ی دۆستایه‌تی فه‌ره‌نسی – عێراق له سه‌ناتی فه‌ره‌نسی) له‌باره‌ی بره‌ودان به په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ به‌غدا و هه‌ولێر كۆبوونه‌وه.
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه، تێیدا هاتووه، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ (پێنجشەممە 9ـی حوزه‌یران / یۆنیۆی 2022) نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە شاندێكی (كۆمیتەی دۆستایەتیی فه‌ره‌نسا ـ عێراق لە سەناتی فەرەنسا) بە سەرۆكایەتیی نيكۆل نورانتۆن و به یاوەریی ژمارەیەك لە ئەندامانی كۆمیتەكە و كونسولى گشتيى فه‌ره‌نسا له هه‌رێمى كوردستان كرد.
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له راگه‌یه‌ندراوه‌كه ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، لە دیداری نێچیرڤان بارزانی و شاندی فه‌ره‌نسی پشتگیریی پاریس‌یان بۆ هەرێمی كوردستان و عیراق دووپاتكردەوە و رێز و پێزانینیان بۆ قوربانییەكانی پێشمەرگە و رۆڵیان لە تێكشكاندنی داعش نیشاندا.
شاندی فه‌ره‌نسی دووپاتیان كردەوە، پاریس بە بایەخەوە لە دۆستایەتيی خۆى لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان دەڕوانێت و خوازياره لە هەموو بوارەكاندا برەو بە پەیوەندییەكانی له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان بدات.
هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه‌ش كرا، نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی هەرێمی كوردستانی بۆ پشتگیریی سەربازی، مرۆيى و سیاسيی فەرەنسا لە هەرێمی كوردستان و عێراق دووپاتكردەوە، سه‌رۆكی هه‌رێم خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی شاندەكە بۆ هەرێمی كوردستان نیشاندا، هەروەها ئاماژەی بە دۆستایەتی دێرینی نێوان هه‌ولێر و پاریس كرد.
له‌باره‌ى دۆخى عێراقيشه‌وه، نێچيرڤان بارزانى داكۆكى له‌وه كرده‌وه، چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوان هه‌ولێر ـ به‌غدا كليلى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى عێراقه و ئاماژه‌ى به گرنگيى رۆڵى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و فه‌ره‌نسا به‌تايبه‌تى له يارمه‌تيدانى عيراق بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان كرد.
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختی له دوايين پێشهاته‌كانى پرۆسه‌ى سیاسیی عیراق، دۆخی شەنگال، ناوچەكانی مادەی سەد و چل، مەترسیی تیرۆر، كردەوە و هەڕەشەكانی داعش، دۆخی سووریا و ناوچەكە بە گشتی، چەند تەوەرێكی دیكەی ديداره‌كه بوون.