ئێران.. ژماره‌یه‌ك كچی هه‌رزه‌كار به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤیدیۆیه‌ك ده‌ستگیركران
سه‌رپۆشیان فڕێداوه و جله‌كانیان ره‌خنه‌ی لێگیراوه

K24 - هه‌ولێر:
به گوێره‌ی سه‌رچاوه میدیاییه‌كانی ئێران، پۆلیس ژماره‌یه‌ك كچی هه‌رزه‌كار و رێكخه‌ری چالاكییه‌كی وه‌رزشی له شاری شیراز ده‌ستگیركردووه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له كۆتایی چالاكییه‌كدا سه‌رپۆشیان فڕێداوه و ره‌چاوی دابونه‌ریتی وڵاته‌كه‌یان نه‌كردووه.
ئاژانسی "ئێرنا"ی ئیرانی بڵاویكرده‌وه، فه‌ره‌ج شوجاعی، به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی شیراز راگه‌یاندووه، ژماره‌یه‌ك ئافره‌ت له كۆتایی چالاكییه‌كی وه‌رزشیدا جلی حیجابیان فڕێداوه، به‌بێ ئه‌وه‌ی ره‌چاوی دابونه‌ریتی ئایینی و یاسای وڵات بكه‌ن.
شوجاعی ئاشكرایكرد، به هه‌ماهه‌نگیكردن له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری، ژماره‌یه‌ك كه‌سی سه‌رپێچیكار و به‌رپرسی ئه‌و گردبوونه‌وه‌یه ده‌ستگیركراون.
چالاكییه‌كه له‌ژێر ناوی "رۆژی سكهیتبۆرد" بووه و گرته ڤیدیۆییه‌ك له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوكراوه‌ته‌وه، كه ژماره‌یه كچ و كوڕ له گۆڕهپانێكن، زۆربه‌ی كچه‌كان سه‌رپۆشیان فڕێداوه و هه‌ندێكیشیان جله‌كانیان شێوازێكی مۆدێرنه، كه له ئێران رێگه‌پێدراو نییه و له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی وڵاته‌كه‌وه ره‌خنه‌ی لێگراوه.
به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی شیراز روونیكرده‌وه، رێكخستنی هه‌ر كۆبوونه‌وه‌یه‌كی وه‌رزشی بێت یان هه‌ر بۆنه‌یه‌كی دیكه به تێكه‌ڵاوی هه‌ر دوو ره‌گه‌ز بێت و ئه‌گه‌ر ره‌چاوی دابونه‌ریته ئایینییه‌كان و یاساش نه‌كرابێت؛ ئه‌وا قه‌ده‌غه‌یه، بۆیه به‌گوێره‌ی یاسا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ رێكخه‌ره‌كانی ده‌كرێت.
به گوێره‌ی یاسای ئێران، كه له ساڵی 1979ـه‌وه بڕیاری له‌سه‌ر دراوه، پێویسته ژنانی ئێرانی جلی داپۆشراو له‌به‌ر بكه‌ن و سه‌رپۆش ببه‌ستن، به‌ڵام له‌م ساڵانه‌ی دوایی، به‌تایبه‌تی له تاران و چه‌ند شارێكی دیكه فشاری سهرپۆشكردن كه‌متر بووه و ژنان له‌گه‌ڵ سهرپۆشكردنهكه به‌شێكی قژیان ده‌رده‌خه‌ن.
چه‌ند رۆژێك لهمهربهریش سه‌رچاوه میدیاییه‌كانی ئێران راگه‌یاندبوو، پۆلیس 120 كه‌سی ده‌ستگیركردووه، به تۆمه‌تی كاری نایاسایی، كه خواردنه‌وه‌ی كحول و به تێكه‌ڵاوی سه‌مایان كردووه و حیجابیان نه‌پۆشیوه له‌كاتی ئاهه‌نگێك له باكووری وڵاته‌كه.
This viral video of ‘Go Skateboarding Day’ in Shiraz, Iran—"where dozens of teenagers mixed freely and girls didn’t wear headscarves"—prompted authorities to arrest 5 people who allegedly organized the event. https://t.co/8JsuvpumdH pic.twitter.com/B7mmHziW5T
— Holly Dagres (@hdagres) June 24, 2022