"ھێرشەكان کاریگەریان نابێت لەسەر بەرهەمهێنانی غازی سرووشتی و غازی شل"
شاندێکی حکومەتی هەرێم سەردانی کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکەن

K24 – هەولێر
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت بەیاوەری وەزیرانی پێشمەرگە و سامانە سرووشتییەکان بەوەکالەت و بەرپرسانی تری ئەمنی، ئەمشەو سەردانی کێڵگەی غازی کۆرمۆری کردو لەگەڵ بەرپرسانی کۆمپانیای دانا غاز کۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی "لە کۆبوونەوەکەدا کە بریکاری وەزیری سامانە سرووشتییەکان ئامادەی بوو، باس لە هێرشە مووشەکییەکانی سەر پڕۆژەی فراوانکردنی کێڵگەی غازی کۆرمۆر کرا".
وەک لەو راگەیەندراوەدا هاتووە: "قوباد تاڵەبانی دڵنیایی پێدان کە کار دەکەن لەپێناو پاراستنی ژیانی کارمەندانی ناو کێڵگەکە، ئەوان وەکو حکومەتی هەرێم بەهیچ شێوەیەک رێگر نین لەبەردەم هاتووچۆی کارمەندان و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق لەسەر خەت دەبن بە مەبەستی بەرگرتن لە روونەدانی لەو جۆرە هێرشانە".
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە: "لە کۆبوونەوەکە دڵنیایی درا بە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان کە؛ ھێرشەكان هیچ کاریگەریان نابێت لەسەر بەرهەمهێنانی غازی سرووشتی و غازی شل و پێداویستی هاووڵاتییان پارێزراو دەبێت".
ئەمە لەکاتێکدایە کە لە چەند رۆژی رابردوو، چەند هێرشێک مووشەکی کرایە سەر پڕۆژەی کێڵگەی غازی کۆرمۆر. دوایین هێرشیش لە 25/6/2022 بوو.