بە پاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان کەنیسەیەکی نوێ لە عەنکاوە کرایەوە

"پێکەوە ژیان لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکە کە پێناسە ناکرێت"
بە ئامادەبوونی وەزیری ئەوقاف، د. پشتیوان سادق و و پیاوانی ئایینی کریستیانەکان کەنیسەیەکی نوێ لە عەنکاوە کرایەوە
بە ئامادەبوونی وەزیری ئەوقاف، د. پشتیوان سادق و و پیاوانی ئایینی کریستیانەکان کەنیسەیەکی نوێ لە عەنکاوە کرایەوە

K24 - هەولێر:

ئەمڕۆ 26ـی حوزەیرانی 2022، وەزارەتی ئەوقاف رایگەیاند، بەنوێنەرایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی کوردستان، د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف وکاروباری ئایینی کەنیسەیەکی نوێ لە عەنکاوە کردەوە.

وەزارەتی ئەوقاف بە کوردستان24ـی راگەیاند، کردنەوەی کەنیسەکە لە مەراسیمەکەدا بوو کە ھەریەک لە کاردیناڵ لویس ساکۆ، پەرتریارکی کەنیسەی کلدانی لە جیھان و مەترانەکان و بەشار وەردە و پیاوانی ئایینی کریستیانەکان ئامادەبوون.

/..

ئاماژەی بەوەشدا، د.پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی  لە وتارێکدا پیرۆزبایی کردنەوەی کەنسیە تازەکەی ئاراستەی کریستیانەکانی ھەرێمی کوردستان کرد و جەختی لە پاڵپشتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ کریستیانەکانی ھەرێمی کوردستان کردەوە، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی بەھۆی ئاڵۆزییە جیاوازەکانی عێراقەوە روویان لە ھەرێمی کوردستان کردووە، وێرای خستنەرووی پرۆژەکانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لەو بارەیەوە.

دواتر کاردیناڵ لویس رۆفایل ساکۆ، پەرتریارکی کەنیسەی کلدانی لە جیھان پیرۆزبایی ئاراستەی کریستیانەکان و خەڵکی عەنکاوە کرد بۆ کردنەوەی کەنیسەکە، هەروەها  سوپاسی پاڵپشتی و ھەنگاوەکانی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی کوردستانی کرد لە پاراستنی تەبایی و ئاشتی کۆمەڵایەتی پێکھاتە ئایینەکان.

ناوبراو جیاوازی ئەو پێکەوەییەی کە لە ھەرێمی کوردستان و عێراق ھەیە خستەروو.

کاردیناڵ لویس رۆفایل ساکۆ گوتی: "پێکەوە ژیان لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکە کە پێناسە ناکرێت، ئەمە نیشانەیەکی شارستانیەتی مەزنی ھەرێمی کوردستان و وادەکات کریستیانەکان ھەست بە دڵنیای ژیان بکەن، بەشێوەی کرداریش لەکوردستان ئەم دڵنیاییە بوونی ھەیە و جێگەی پێزانینی ئێمەیە.

جێگەی ئاماژەیە بەکردنەوەی ئەم کەنسەیە ژمارەی کەنیسەکانی ھەرێمی کوردستان گەیشتە 146 کەنیسە.