ئەوانەی ناویان بۆ حەجی 2028 دەرچووە دەتوانن ساڵی داهاتوو گەشتی حەج بکەن

دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق داوا لەو هاووڵاتییانە دەکات کە ناویان بۆ وەرزی حەجی ساڵی 2028 دەرچووە و خوازیارن گەشتەکەیان پێش بخەن، سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی دەستەکە بکەن بۆ تەواوکردنی رێکارەکانیان.

شێخ سامی مەسعودی، سەرۆکی دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق بە کوردستان24-ی راگەیاند، پرۆسەی گۆڕینی ناوی ئەو کەسانە دەستی پێکردووە کە دەیانەوێت گەشتی فەریزەی حەج بکەن. ئەو رێکارە بەتایبەت ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە ناویان بۆ ساڵی 2027 دەرچووە و تا ئێستا بۆ تەواوکردنی مامەڵەکانیان سەردانی دەستەکەیان نەکردووە.

سەبارەت بە هەوڵەکانیان بۆ رێکخستنی ئەم پرۆسەیە، شێخ سامی روونیکردەوە، چەندین جار هۆشدارییان بەو کەسانە دابوو کە ناویان دەرچووە و مامەڵەکانیان تەواو نەکردووە. ئاشکرایکرد، بڕیارەکەیان پەیوەستە بە پابەندبوون بەو رێکارانەی حکوومەتی سعوودیە بۆ وەرزی حەج دیاری کردوون.

سەرۆکی دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق جەختی کردەوە، پرۆسەی هەڵبژاردنی ناوی ئەو کەسانەی بۆ حەجی ساڵی 2028 دەرچووە و دەیانەوێت گەشتەکەیان پێش بخەن، لەسەر بنەمای تەواوکردنی رێکارە کارگێڕییەکان و پشکنینی پزیشکی و پەسەندکردنی رێنماییەکان دەبێت.

مانگی ئەیلوولی رابردوو، دەستەی حەج و عومرەی عێراق بەشێوەی ئەلیکترۆنی تیروپشکی بۆ حەجی ساڵانی 2027، 2028، 2029 و 2030 کرد، کە لە ئەنجامدا ناوی هەزاران هاووڵاتی بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج دەرچوو.