كوردستان24 راستییه‌كان ده‌خاته‌ڕوو
راستی قسه‌كانی موفتی سووننه له باره‌ی داعشه‌وه بزانهوه
K24 - هه‌ولێر:
بڵاوبوونه‌وه‌ی گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، كه تێیدا رافع روفاعی، موفتی سووننه له عێراق، له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی (العربیه حدث)، په‌سنی كاره‌كانی رێكخراوی داعش ده‌كات و وا پیشانده‌درێت كه ئێستا ئه‌و قسانه‌ی كردووه، بووه هۆی تووڕه‌بوونی به‌كارهێنه‌رانی ئه‌و تۆڕه و له بهدوداچوونێكی كوردستان 24دا ده‌رده‌كه‌وێت، كه ڤیدیۆكه هی ئێستا نییه.
"داعش له هه‌ولێره"، ئه‌مه ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه بوو، كه ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ده‌ستاوده‌ستی پێده‌كرێت، هه‌ندێك له به‌كارهێنه‌رانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، ره‌خنه له داواكاری گشتی ده‌گرن، كه بۆچی بێده‌نگه له به‌رامبه‌ر ئه‌و لێدوانانه‌ی موفتی سووننه‌كان.
له به‌دواداچوونێكی وێبسایتی كوردستان24 دا ده‌ركه‌وت، گفتوگۆكانی رافع روفاعی، له‌گه‌ڵ كه‌ناڵه‌كه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ رێكه‌وتی 16/6/2014، واتا ته‌نها شه‌ش رۆژ دوای داگیركردنی موسڵ له‌لایه‌ن داعش، كه ئه‌وكات هیچ سه‌نگه‌رێكی پێشمه‌رگه له‌گه‌ڵ چه‌كدارانی رێكخراوه‌كه نه‌بووه.
به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی ئه‌و موفتییه، ئاماژه به‌وه ده‌كات، ئه‌وكات ئاراسته‌كه به‌و شێوه‌یه بوو كه ئه‌وه‌ی هاتووه هێزه‌كانی سه‌حوه و هێزه سوونییه‌كانی دیكه‌ن له دژی مالیكی، نه‌ك رێكخراوی داعش به‌و دڕندایه‌تییه.
شێخ ئه‌حمه‌د زه‌نگه‌نه، به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی رافع روفاعی تایبه‌ت به كوردستان24ی راگه‌یاند، گفتوگۆی موفتی سووننه له‌گه‌ڵ كه‌ناڵه‌كه هی ئێستا نییه و هه‌ندێك لایه‌ن ده‌یانه‌وێ بابه‌ته‌كه نوێ بكه‌نه‌وه و هه‌ست و سۆزی خه‌ڵك بجووڵێنن، ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، گرته ڤیدیۆییه‌كه به‌شێوازێك مۆنتاژ كراوه وه‌ك بڵێی موفتی سووننه‌كان ئێستا ئه‌و قسه‌یه‌ی كردبێت.
هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند، هه‌ستی تایه‌فه‌گه‌ری له پشته‌وه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و شتانه‌یه و ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، موفتی سووننه‌كان هه‌میشه كاره‌كانی داعشی ئیدانه كردووه.
له‌م رێككهوتهی ئه‌و موفتییه گفتوگۆكه‌ی له‌گه‌ڵ كه‌ناڵه‌كه‌دا ئه‌نجامداوه، هێشتا هیچ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌ك له نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و چه‌كدارانی رێكخراوه‌كه، له هیچ یه‌كێك له سه‌نگه‌ره‌كان رووینه‌دابوو، ته‌نانه‌ت له جه‌له‌ولاش كه یه‌كه‌م شوێنی به‌ریه‌ككه‌وتنی پێشمه‌رگه‌كانی (یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان) بوو له‌گه‌ڵ چه‌كدارانی رێكخراوه‌كه.
.jpg)
.jpg)