سەرۆکی حکومەت بۆ وەزارەتی داد: کار لە پێناو جێبەجێکردنی دادپەروەری و خزمەتکردنی هاووڵاتییان بەگشتی و بەبێ جیاوازی بکەن
K24 – ههولێر:
ئەمڕۆ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە میانی سەردانیکردنی بۆ وەزارەتی داد، ئاماژەی بە گرنگیی وەزارەتی داد و سەقامگیربوونی دادپەروەری بە گشتی کرد و گوتی: "دادپەروەریی و بەدەستهێنانی رەزامەندی هاووڵاتییان بنەمای سەرکەوتن و بەهێزبوون و مانەوەی هەر دەسەڵات و حکومڕانییەکە".
لە کۆبوونەوەیەکدا کە فرسەت ئەحمەد وەزیری داد، سەرۆکی ئەنجوومەنی شورا، سەرۆکی داواکاری گشتی و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت تێیدا بەشداربوون، سەرۆکی حکومەت داوایکرد، هیچ کەمتەرخەمییەک نەکرێت لە بەسزاگەیاندنی تاوانباران و سەرپێچیکارانی یاسا بەگشتی و بەتایبەتیش بازرگانانی ماددەی هۆشبەر، بۆ ئەم مەبەستەش هاوکاری و هەماهەنگی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لەگەڵ دادگاکانی هەرێمی کوردستان دەربڕی، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی پیشەییانە و بەخێرایی ئەرکەکانیان رابپەڕێنن.
سەرۆکی حکومەت خوازیارە، وەزارەتی داد و هەموو دامودەزگاکانی حکومەت، کار لە پێناو جێبەجێکردنی دادپەروەری و خزمەتکردنی هاووڵاتییان بەگشتی و بەبێ جیاوازی بکەن، هەر لەو کۆبونەوەیەدا سەرۆکی حکومەت، جەختی لە گرنگیی نەهێشتنی رووتین و بیرۆکراسی و پێشکەشکردنی ئاسانکاری پێویست بۆ هاووڵاتییان و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی حکومەت کردەوە .
لە کۆتاییدا سەرۆکی حکومەت، وەڵامی تێبینی و سەرنج و پێشنیازی ئامادەبووانی دایەوە.