زانیاری نوێ لەسەر ئەو چەکەی سەرۆکی پێشووی ژاپۆنی پێ کوژرا

"ئەو چەکەی لە تاوانەکەدا بەکارهێنراوە دروستکراوی کارگە نییە"

ساتی دەستگیرکردنی تیتسویا یاماگامی (تەمەن 41 ساڵ)
ساتی دەستگیرکردنی تیتسویا یاماگامی (تەمەن 41 ساڵ)

K24 - هەولێر:

ئەمڕۆ هەینی 8ـی تەمووزی 2022، پۆلیسی ژاپۆن رایگەیاند، ئەو چەکەی لە کوشتنی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی ژاپۆن، شینزۆ ئابێ بەکارهاتووە دروستکراوی کارگە نییە.

بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس، پۆلیسی ژاپۆنی لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا بۆیان دەرکەوتووە کە ئەو چەکەی لە تاوانەکەدا بەکارهێنراوە دروستکراوی دەستییە.

راستەوخۆ دوای تەقەکردن لە شینۆز ئابێ کەسێک بەناوی تیتسویا یاماگامی (تەمەن 41 ساڵ) دەستگیردەکرێت و دەستبەسەر چەکەکەیدا دەگیرێت.

یاماگامی پیاوێکی بێ کاری ژاپۆنییە و لەکاتی لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بە پۆلیسی وتووە "رق و کینەی بەرامبەر بە رێکخراوێک هەبووە و وابیریکردووەتەوە کە سەرۆک وەزیرانی پێشوو ئەندامێکی ئەو رێكخراوەیە". ئەمەش پاڵنەری سەرەکی تاوانەکەی بووە، ئاماژەی بەوەش داوە ئەو چەکەی بەکاریهێناوە بەدەست دروستکراوە.