عەلی قازی کۆچی دوایی کرد
تاقە کوڕی پێشەوا قازی محەمەد بوو

K24 - هەولێر
عەلی قازی، تاقە کوڕی پێشەوا قازی محەمەد لە تەمەنی 89 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ، عەلی قازی، ناسراوی بە کوڕی رەش، تاقە کوڕی پێشەوا قازی محەمەد، سەرۆکی کۆماری کوردستان، لە شاری بۆنی ئاڵمانیا کۆچی دوایی کرد.
عەلی قازی، لە ساڵی 1933 لە شاری مەهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان هاتووەتە دنیا. لە کاتی رووخانی کۆمار و لە سێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەددا تەمەنی 13 ساڵ بووە. چەند ساڵێک پاش رووخانی کۆماری کوردستان رووی کردووەتە وڵاتی ئەڵمانیا و لەوێ نشتەجێ بوو.
لە ساڵانی رابردووودا گەڕایەوە باشووری کوردستان و بوو بە سەرۆکی پارتی ئازادیی کوردستان.
عەلی قازی پاش ئەوەی بەهۆی نەخۆشییەوە وازی لە سەرۆکایەتیی ئەو پارتە هێنا. دواتر بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستییەوە گەڕایەوە ئەڵمانیا و سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ 10/7/2022، لە تەمەنی 89 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

