دوو گۆڕاوی نوێی کۆرۆنا سەریانهەڵداوە
چوار هێندەی گۆڕاوەکانی دیکە بەرامبەر ڤاکسین بەرگریان هەیە

K24 - ههولێر:
به گوێرهی راپۆرتێكی ماڵپهڕی "nbc" دوو گۆڕاوی نوێی کۆرۆنا سەریانهەڵداوە، کە بە ئاسانی خۆیان لە بەرگری لەش و ڤاکسیینەکان لادەدەن و نیشانهكانیشی له گۆڕاوهكانی دیكه نزیكه.
بەپێی داتاکانی ناوەندی کۆنتڕۆڵکردن و خۆپارێزی لە نەخۆشییەکان لە ئەمهریکا، تا 2ی ئەم مانگە، کۆرۆنای گۆڕاوی BA.5 بەرپرس بووە لە تووشبوونی 54% و گۆڕاوی BA.4 بەپرس بووە لە 17%ی حاڵەتەکانی تووشبووانی کۆرۆنا لە ئەمهریکا.
دەیڤد مۆنتێفیۆری، پڕۆفیسۆری ڤاکسینەکان لە ناوەندی پزیشکی زانکۆی دیوك بە کەناڵی "ئێن بی سی نیوز"ی راگەیاندووە، گۆڕاوەکانی BA.4 و BA.5 سێ هێندەی ئۆمیکرۆنی سەرەکی BA.1 کەمتر ئەگەری لەناوبردنیان لەلایەن ڤاکسینەکانەوە هەیە.
بەپێی هەندێک لێکۆڵینەوەش BA.4 و BA.5 چوار هێندەی گۆڕاوی BA.2 بەرامبەر ڤاکسیینەکان بەرگرییان هەیە و هەروەها لە گۆڕاوەکانی دیکە زیاتر تووشی ئەو کەسانە دەبن، کە پێشتر تووشی کۆرۆنا بوون.
گۆڕاوە لاوەکییەکانی BA.4 و BA.5 خێراترین گۆڕاوی کۆرۆنان، کە تا ئێستا بڵاوبووبێتنەوە، زۆرینەی حاڵەکانی تووشبوون لە ئەمهریکا و بەریتانیا لەو دوو جۆرەن، پێشبینی دەکرێت لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا بە هەموو ئەوروپا و وڵاتانی دیکەی جیهاندا بڵاوببنەوە.
نیشانەکانی ئەم دوو جۆرەی گۆڕاوی کۆرۆنا بەهەمان شێوەی نیشانەکانی جۆرەکانی دیکەی کۆرۆنایە، کە ئاوی لووت، قورگ ئێشە، سەرئێشە، کۆکەی بەردەوام و ماندوێتی لە نیشانە هەرە باوەکانن.
هەرچەندە ئەو دووجۆرەی گۆڕاوی کۆرۆنا لە جۆرەکانی دیکە خێراتر بڵاودەبنەوە بەڵام بەگوتەی پزیشکان تا ئێستا نەسەلمێنراوە، كه بووبێته هۆی نەخۆشی توندتر و مردنی زیاتر لە جۆرەکانی پێشتر.
هەروەها پزیشکان ئاماژه بهوه كردووه، باشترین رێگە بۆ خۆپاراستن لە جۆرە نوێیەکان ڤایرۆسی كۆرۆنا، بریتییە لە کوتان و وەرگرتنی هەموو ژەمەکانی ڤاکسین، پسپۆرانی بوارهكه پێیانوایە بەو هۆیەوە دەرفەتی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و سەرهەڵدانی گۆڕاوی نوێ کەمدەبێتەوە.