سەركردایەتی ھاوبەشی یەكێتی و گۆڕان لەسەر چەند خاڵێك رێكدەكەون
K24 - ھەولێر
دوای كۆتایی ھاتنی كۆبوونەوەكەی سەركردایەتی ھاوبەشی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان راگەیاندراوێكیان بڵاوكردەوە، بەگوێرەی راگەیاندراوەكە لەسەر چەند خاڵێك رێككەوتوون.
لە راگەیاندراوەكەدا ھاتووە: "ئەندامانی سەركردایەتی هاوبەش تاوتوێی كۆمەڵێك بابەت و پرسی گرنگی پەیوەست بە بارودۆخی كوردستان و عیراق و ناوچەكە كر، هەروەها دانانی رێوشوێن و میكانیزامی راپەراندنی ئەرك و كارەكانی سەركردایەتی هاوبەش تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە بوو و لەمبارەیەوە بڕیاری پێویست وەرگیرا".
ھەروەھا لەو راگەیاندراوەدا چەند خاڵێك بڵاوكراونەتەوە كە لەسەری رێككەوتوون وەك كاری ئایندەی ھاوبەوش كاری لەسەر بكەن.
یەكەم : بڕیاردرا سەركردایەتی هاوبەش بەشێوەیەكی دەوری كۆببێتەوەو كۆمەڵێك میكانیزم و رێكاری كاركردن دیاریكراو چەند لیژنەیەكی هاوبەشیش پێكهێنرا بۆ جێبەجێ كردنی مادەو بڕگەكانی رێكەوتنامەی سیاسی هاوبەشی یەكێتی- گۆڕان.
دووەم: تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكە چارەسەركردنی كێشەكانی بژێوی خەڵك و باشتركردنی لایەنی ئابوری هاووڵاتیان بوو.
سێیەم: جەختكرایەوە لەسەر پاراستنی یەكریزی نێوماڵی كوردو یەكپارچەیی گەل و خاكی كوردستان و سڕینەوەی ئاسەوارەكانی دوو ئیدارەیی.
چوارەم: سووربوون لەسەر بەدامەزراوەیی كردنی دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێم لەسەر بنەمای شەراكەتی راستەقینە و رێكەوتنی لایەنەكان.
پێنجەم:جەختكرایەوە لەسەر یەكخستنی هەوڵەكان بۆ تێپەراندنی هەموو ئەو كێشانەی بەرۆكی هەرێمی كوردستانیان گرتووە، لەسەر بنەمای دیالۆگ و رێككەوتنی هەموو لایەنە سیاسیەكان و خۆسازدان بۆ هەموو ئەو پێشهات و ئەگەرانەی رووبەرووی كوردستان دەبنەوە.
شەشەم: پێداگری كردن لەسەر مافی چارەنووس و ئەنجامدانی ریفراندۆم و راگەیاندنی سەربەخۆیی. بڕیاردرا ئامادەكاریان بۆ بكرێ و لەكاتی گونجاودا بەدیبهێنرێت.
حەوتەم: كەركوك بەشێكی دانەبڕاوە لەهەرێمی كوردستان و بەڕەچاوكردنی تایبەتمەندێتی پێكهاتەكانی. لەم رووەوە هەموو هەوڵێك بۆ دروستكردنی هەرێمی سەربەخۆ بۆ كەركوك رەتدەكەینەوە.