دوای ساڵێك فراكسیۆنهكانی پهرلهمان چی له بارهی 23ی حوزهیران دهڵێن؟
K24 - ههولێر:
ساڵێك بەسەر دانیشتی 23ی حوزەیرانی پەرلەمانی کوردستان تێپەردەبێت، کە تایبەت بوو بە خوێندنەوەی یەکەم بۆ ھەمواری یاسای سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، بەشێکی زۆری فراکسیۆنەکانی پەرلەمانیش ئەنجامدانی ئەو دانیشتنە، بەھۆکاری دۆخی ئێستای پەرلەمانی کوردستان دەزانن، کە تاوەکو ئێستا دوای چەندین دانیشتن و کۆبوونەوە لە نێوان لایەنەکان نەتواندراوە پەرلەمان کارابکرێتەوە.
23ی حوزەیرانی پار ساڵ، پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنێکدا بێ فراکسیۆنی پارتی خوێندنەوەی یەکەمی بۆ ھەمواری یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم کرد، ئەمەش دوای ئهو پرۆژانە ھات کە ھەریەکە لە یەکێتی، گۆڕان، کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی، بۆ ھەمان مەبەست ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانیان کرد.
دانیشتنێک گرژی و توورەبوونی پارتی بەدوای خۆیدا ھێنا و پەرلەمانتارێکی ئەو حزبەش دەڵێت :"توورەیی پارتی بەھۆی تێکشکانی تەوافوقی پەرلەمانییە".
زۆرێک لە فراکسیۆنەکان، حزب و لایەنە سیاسیەکانی باشووری کوردستان، دانیشتنی 23ی حوزەیرانی پەرلەمانی کوردستان، بە رێگەخۆشکەری پەککەوتنی پەرلەمان دەزانن، پەرلەمانارێکی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان دۆخی پەرلەمان دەخاتە ئەستۆی ھەموو لایەنەکان، کە نەیانتوانی لە رێککەوتنە سیاسیەکاندا سەرکەوتن بەدەستبھێنن.
ھەرچەند بڕیار بوو سەرۆکایەتی پەرلەمان دوای دانیشتنی 23ی حوزەیران، لە دانیشتنێکی دیکەدا خوێندنەوەی دووەم بۆ ھەمواری یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم بکات، ھەرچەندە ھەموو لایەنەکان لە کۆبوونەوەیەکی درێژدا داوای ئەنجامنەدانی دانیشتنەکە لە سەرۆکی پەرلەمان کرا، بەڵام ئەوان سوور بوون لەسەر ئەنجامدانی دانیشتنەکە رێژەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمانی تەواو نەکرد، ئێستاشی لەگەڵدابێت دوای ئەو دانیشتنە بە ھەموو لایەنەکانی کوردستان نەیانتوانی باری لاری پەرلەمانی کوردستان چاک بکەنەوە.