فراكسیۆنی گۆڕان: ھاوپەمانێتی یەكێتی و گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان رەنگدەداتەوە
فراكسیۆنی یەكێتی: ئامادەین لەگەڵ فراكسیۆنی پارتی كۆببینەوە

K24 – سلێمانی
دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەیان لەگەڵ سەركردایەتی ھاوبەشی یەكێتی و گۆڕان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سەرۆك فراكسیۆنەكانی یەكێتی و گۆڕان ئامانجی كۆبوونەوەكەیان خستەڕوو.
برزۆ مەجید، سەرۆكی فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: "ئەم رێككەوتننامەی كراوەیە لە ھەمانكاتدا بە گفتوگۆ و دیالۆگ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكاندا شیكردنەوەی بۆ دەكرێت و ھەوڵی جێبەجێكردنی دەدرێت، ھەمان ئەو چەمكە شۆڕ دەبێتەوە بۆ ھاوپەیمانیەتیمان و لە پەرلەمانی كوردستانی رەنگدەداتەوە".
بێگەرد تاڵەبانی، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان گوتی: "رێككەوتنی یەكێتی و گۆڕان یەكێكە لە ھەنگاوە ئەرێنییەكان بۆ كۆدەنگی لایەنە سیاسییەكان، ھەروەھا بۆ دانوستانی زیاتر لەسەر مێزی گفتوگۆ بۆ ئەوەی بەیەكەوە بگەین بە جۆرێك لە رێككەوتن و تێپەڕاندنی ئەو دۆخەی كە لە ھەرێمی كوردستان ھەیە، ھەموومان دەزانین حكوومەت و پەرلەمانی كوردستان دەرئەنجامی ئەو رێككەوتنە سیاسیانەن كە لە رابردوودا لە نێوان لایەنە سیاسییەكاندا كراوە، لە ئێستاشدا ھەموو ئەگەرەكان كراوەن بۆ ئەوەی لەگەڵ یەكتردا دانوستاندن بكەین، بۆ ئەوەی ئەم دۆخە چەقبەستووە تێپەڕێنین".
لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری كوردستان 24 لەبارەی كۆبوونەوەیان لەگەڵ فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان گوتیشی: "بۆ ئاسایی كردنەوەی دۆخەكە ئامادەین لەگەڵ فراكسیۆنی پارتی و ھەموو فراكسیۆنەكانی دیكە كۆببینەوە".