فرانس پرێس: لە هێرشێکی مووشەکی رووسیا بۆ سهر ئۆكرانیادا 23 کەس كوژران
"گەورەترین شەڕ لە ئەوروپا روودهدات"
K24 – ههولێر:
لە هێرشێکی مووشەکی رووسیا بۆ سەر ڤینیتسیا لە ئۆکرانیادا، 23 کەسی سڤیل بوونە قوربانی، زێلینسکی بە هێرشێکی تیرۆرستی ناوی دەبات.
ئاژانسی ههواڵی فرانس پرێس بڵاویكردهوه، لە هێرشێکی مووشەکی رووسیادا، دوو مووشەک لە ناوەندی شاری ڤینیسیای ئۆکرانیا کەوتوونەتە خوارەوە و بیست و سێ کەسی سڤیل بوونەتە قوربانی، سێ لە قوربانییەکان منداڵن.
لهمبارهیهوه، ڤۆلۆدیمێر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رایگهیاند، لەو باوەڕەدام پێویستە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ئەم هێرشانەی رووسیا وەک جینۆساید، تاوانی جەنگ و دژ بە مرۆڤایەتی بناسێنێت.
به گوێرهی زانیارییهكانی ئاژانسی فرانس پرێس، هێرشە مووشەکییەکانی رووسیا بۆ سەر ناوچە نیشتەجێبوونهكانی ئۆکرانیا بەردەوامن، و رۆژانە خەڵکی سڤیل دەبنە قوربانی.
زێلینسکی گوتی: "دەسەڵات و دامەزراوەکانی دادوەری ناتوانن لایەنە تاوانبارەکان بهێننە دادگا".
ههروهها دهشڵێت: پێویستە دادگا دڵنیایی بدات و دادپەروەرانە ئەنجامدەرانی ئەم کارەساتە مێژووییە سزا بدات، ئەمە کردەوەیەکی تیرۆرستییە، لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە گەورەترین شەڕە لە ئەوروپا بهرپابووه".