سه‌رۆك بارزانى له‌ باره‌ى مافى چاره‌نووس په‌يامێك بڵاو ده‌كاته‌وه‌

مه‌سعوود بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ باره‌ى مافى چاره‌نووسى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ په‌يامێك بڵاوده‌كاته‌وه‌.

K24 – هه‌ولێر:

مه‌سعوود بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ باره‌ى مافى چاره‌نووسى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ په‌يامێك بڵاوده‌كاته‌وه‌.

دەقی پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان جەماوەری خۆڕاگری كوردستان هێز و لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان دۆخی ناوچەكە بە قۆناغێكی نوێدا تێدەپەڕێت و بە هەموو لێكدانەوەیەك گۆڕانكاریی گەورە لە ئارادان.

گەلی كوردستان و ئەزموونەكەیشی لەبەردەم قۆناغێكی هەستیار و چارەنووسسازدایە، ناكرێت ئەو دەرفەتەی ئەم جارە بۆ گەلەكەمان هاتووەتەپێش، لەدەستی بدەین.

ئەمڕۆ پێگەی گەلی كوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئاسۆیەكی ڕوونی هەیە و، لە شەڕی تیرۆریش بە هەوڵ و كۆششی پێشمەرگە قارەمانەكان و لەسایەی خوێنی شەهیدانمان و بە خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان و پشتیوانیی هاوپەیمانان، سەركەوتنی گەورە بەدەست هاتووە و تیرۆریستان تووشی شكستی گەورە هاتوون بەڵام مەترسییەكەیان هەر ماوە.

هاووڵاتیانی كوردستان بۆ ئێمە لەم قۆناغەدا هیچ ئامانجێك لە مافی چارەنووس و سەربەخۆیی بەرزتر و پیرۆزتر نییە، ناشبێت ڕێگە بدەین ئەم پرسە چارەنووسسازە بكرێتە قوربانیی ناكۆكی و ململانێی نێوخۆیی، بۆیە داوا لە سەرجەم هێزە سیاسییە كوردستانییەكان دەكەم لە زووترین كاتدا ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ دروستكردنی كۆدەنگیی نیشتیمانی لەسەر پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی و هەنگاوی یەكەم ئەوەیە لەگەڵ بەغدا بكەوینە گفتوگۆی ڕاشكاوانە و برایانە.

بۆ ئەم مەبەستە بانگهێشتی هەموو هێز و لایەنەكان دەكەم كۆبوونەوەیەكی تایبەت بەم بابەتە ئەنجام بدەن بۆ بڕیاردان لەسەر هەنگاوەكانی داهاتوو و بۆ ئەوەیش دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم پەیوەندی بە هەموو لایەكانەوە دەكات.

مسعود بارزانی 23ـی 6ـی 2016