لە قەڵادزێ کەسێک کوژرا
"لە ئەنجامی شەڕە تەقە کوژراوە"
K24 – راپەڕین
لە گوندێکی سنووری قەڵادزێ کەسێک بە فیشەک کوژرا کە پیشەی پۆلیسی بەرگری فریاکەوتنە، بەگوێرەی زانیارییەکان لە ئەنجامی شەڕە تەقە کوژراوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین ئاشکرای کرد، شەوی رابردوو "لە گوندی (توەڕەشان) سەر بەناحیەی هەڵشۆ هاووڵاتیەک بەناوی ( م. م . ر) لەدایکبووی ساڵی 1982، پیشەی پۆلیس لە بەرگری فریاکەوتن کوژرا، شوێنەواری فیشەکی جۆری کڵاشینکۆف بەسەر جەستەیەوە هەیه".
لە راگەیەندراوی پۆلیسی راپەڕین ئاماژە بەوەکراوە: "پاش رووداوەکە دەستبەجێ هێزەکانمان گەیشتوونەتە شوێنی مەبەست، دوای گەیشتن بە دەرئەنجامی کۆتایی وردەکاری زیاتر بڵاودەکەینەوە".
سەرچاوەیەک لە ناوچەکە بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەو کەسە لە ئەنجامی شەڕە تەقە کوژراوە لە گوندی توەڕەشان، بەڵام تائێستا هۆکاری دروستبوونی شەڕەکە و ناسنامەی بکوژانی پۆلیسەکەی بەرگری فریاکەوتن ئاشکرا نەکراوە".