فوئاد حوسێن باڵیۆزی وڵاته‌كه‌ی له لوبنان سزا دا
"له‌لایه‌ن شێخه‌كانی ناوچه‌ی (بیقاع) له نزیك به‌یروت داوه‌تكرابوو"

K24 – هه‌ولێر:
به‌هۆی گه‌شتكردنی بۆ یه‌كێك له گونده‌كانی لوبنان و ته‌قاندنی چه‌كی (RBG7)، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق باڵیۆزی وڵاته‌كه‌ی له به‌یروته‌وه بۆ به‌غدا گواسته‌وه.
به گوێره‌ی فه‌رمانێكی وزاری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق، به‌هۆی ته‌قاندنی گولـله‌یه‌كی RBG7 له‌كاتی راوه مامزدا، فوئاد حوسێن، بڕیاریدا حه‌یده‌ر شه‌یاع به‌راك، باڵیۆزی عێراق له به‌یروته‌وه بگوازێته‌وه ناو وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه له به‌غدا.
چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر، له رێگه‌ی تۆڕه‌كانی سۆشیاڵ میدیاوه، ڤیدیۆی باڵیۆزی عێراق له لوبنان بڵاوبووه‌وه، تێیدا له‌نێو ئاپۆڕای ژماره‌یه‌ك چه‌كدار له گوندێكی لوبنانی، له رێگه‌ی ته‌قاندنی چه‌كی RBG7، به‌راك ده‌ركه‌وت كه خه‌ریكی راوكردنه.
له‌مباره‌یه‌وه، ناوبراو له به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاشكرای كرد، له‌لایه‌ن شێخه‌كانی ناوچه‌ی (بیقاع) له نزیك به‌یروت داوه‌تكرابوو، له‌وێ وه‌ك نه‌ریت، گولـله‌یه‌كی (ئاربی جی) ته‌قاندووه.
