ئانچیلۆتی هاوشانی 28 یاریزان گهشتی ئهمریكای كرد
شاندی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانیا بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ وەرزی داهاتوو، گەشتی ئەمەریکای کرد و کارلۆ ئانچێلۆتی 28 یاریزانی لەگەڵ خۆی بۆ گەشتەکە بردووە، شاهانەکان لە ئەمەریکا سێ یاریی ئامادەکاری دەکەن، یەکەمیان رۆژی 24ـی ئەم مانگە بەرامبەر بارسێلۆنا دەبێت.
یانەی ریال مەدریدی ئیسپانیا، ساڵانە پێش دەستپێکردنی وەرزی نوێ، بۆ ماوەی چەند رۆژێک گەشتی ئەمەریکا دەکات، ئەو یانەیە لە دوو لایهنهوه قازانج دەکات، یەکەمیان وەکو ئامادەکاری ئەمەریکا کەشێکی لەباری هەیە، دووەمیشیان داهاتێکی باشیان بەدەست دێت.
کارلۆ ئانچێلۆتی راهێنەری یانەی ریال مەدرید لیستی ناوی ئەو یاریزانانەی ئاشکرا کرد، کە پێویستە لەگەڵ گەشتی ئەمەریکا بکەن، ئەم لیستە لە 28 یاریزانی پێک دێت کە دوو یاریزانی نوێی تێدایە، ئەوانیش ئانتۆنیۆ رۆدیگێر کە لە یانەی چێڵسی گواستراوەتەوە، هەروەها چوامینی کە ئەمیشیان لە یانەی مۆناکۆی فەرەنسا پەیوەندی بە شاهانەکانەوە کردووە.
لە کۆی ئەو 28 یاریزانانەی شاهانەکان کە وەکو ئامادەکاری لەگەڵ یانەکەیانن، چواریان گۆڵپارێزن، هەروەها ئانچێلۆتی ناوی دوو یاریزانی لە لیستەکە دوورخستووەتەوە، ئەوانیش میگێل گوتیرێز و ئانتۆنیۆ بلانکۆ کاپتنی کاستیان، کە بریارە هەردوو یاریزان ئەم هاوینە ریزەکانی یانەکەیان جێىێڵن. بۆرخا مایۆرال بەهۆی وەرنەگرتنی قورچکی دووەمی ڤاکسینی کۆرۆنا، چەند رۆژێکی دیکە گەشتی دەکات.
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی بڵاویکردووەتەوە، ریال مەدرید لەم گەشتەی ئەمەریکا، نزیکەی 12.5 ملیۆن یۆرۆی دەست دەکەوێت، ئەویش بەرامبەر بەشداریکردن لە پاڵەوانتیەکە دۆستانە.
ریال مەدرید مەدرید لە ئەمەریکا سێ یاریی ئامادەکاری و دۆستانە دەکات، سەرەتا 24ـی ئەم مانگە لە یاریی کلاسیکۆ رووبەڕووی بارسێلۆنا دەبێتەوە، یارییەکە لە شاری لاس ڤێگاسی ئەمەریکا دەکرێت و پێشوەختە سەرجەم بلێتەکانی یارییەکە فرۆشراون.
یاریی دووەمیشیان رۆژی 27ـی ئەم مانگە بەرامبەر یانەی کلەب ئەمەریکای مەکسیکی دەبێت و دوایین یاریی ئامادەکارییەکەشیان لە ئەمەریکا، رۆژی 31ـی ئەم مانگە بەرامبەر یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی دەبێت و دواتریش دەگەرێنەوە ئیسپانیا.
پاڵەوانەکەی وەرزی رابردووی چامپیۆنزلیگ، یەکەم یاریی وەرزی نوێ لە جامی سوپەری ئەوروپا بەرامبەر یانەی ئێنتراخت فرانکفۆرتی ئەڵمانی دەبێت، کە بریارە یارییەکە لە رۆژی دەی مانگی داهاتوو لە شاری هێلێنسکی فینلەندا بکرێت.