كۆشكی سپی: بایدن تووشی کۆرۆنا بووە

"لە نێو کۆشکی سپیدا خۆی کەرەنتینە کردووە"
جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا
جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا

K24 - واشنتن:

کۆشکی سپی ئاشکرایکرد جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمه‌ریکا تووشی پەتای کۆرۆنا بووە.

کارین ژان پیێر،  گوتەبێژی کۆشکی سپی له‌مباره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاند: ''بایدن بە سووکی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە، له‌ ئێستادا خولێکی چاره‌سەری دژە ڤایرۆسی پاکسلۆڤید وەردەگرێت".

گوته‌بێژی كۆشكی سپی راشیگه‌یاند، بایدن پێکوتەی دژە کۆرۆنای به‌كارهێناوه‌، هەروەها دووجار دەرزی بەهێزکردنی بەرگریشی وەرگرتووە، و نیشانەکانی نەخۆشییەکەی زۆر بە کەمی پێوە دیارە.

کارین ژان پیێر باسی لەوەش کرد، بایدن لە راپەڕاندنی ئەرکەکانی سەرۆکایەتی بەردەوام دەبێ.

هه‌روه‌ها دەڵێت: "بە گوێرەی رێنماییەکانی (ناوەندی کۆنترۆڵکردن و رێگری کردن لە نەخۆشییەکان) بایدن لە نێو کۆشکی سپی خۆی کەرەنتینە کردووە، ئەرکەکانی خۆی بە تەواوەتی رادەپەرێنێ و بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ستافەکەیدا کردووە، لە شوێنی حەوانەوەی خۆی و لە رێگای زوومەوە بەشداری لە کۆبونەوەکاندا دەکات، هەر كاتێكیش لە پشکنینەکاندا دەرکەوت ڤایرۆسەکەی نەماوە، ئەو کات بۆ شوێنی کارەکەی دەگەرێتەوە.''

بایدن لە رێگای تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەرەوە وێنەیەکی دەم بە پێکەنینی خۆی داناوه‌ و پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا رایگەیاند: ''خەڵکینە، من باشم و سوپاس بۆ پەرۆشیتان".

بەرپرسی کۆمیتەی بەربەرەکانێ لەگەڵ کۆرۆنا لە کۆشکی سپی باسی لەوە کردووه‌، بایدن تووشی لەرز و تا نەبووە، تەنیا كۆكه‌ی وشک و هەڵامەتی هەیە و هەست بە ماندوویی دەکات.''

هاوکات خانمی یەکەمی ئەمه‌ریکا لە شاری دیترۆیت لە ولایەتی میشیگان بە میدیاكانی گوت: "بە پێی پشکنینەکان من تووشی کۆرۆنا نەبووم، لەگەڵ بایدن قسەم کردووه‌، ئەو دۆخی جێگیرە".

بایدن ته‌مه‌نی 79 ساڵە و بەتەمەنترین سەرۆکه‌ له‌ مێژووی ئەمه‌ریکا.