محەمەد حاجی مەحموود: تەنیا دابەشبوون چارەسەری کێشەکانی عێراق دەکات
"سەردانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا جارێکی دیکە پیشاندانی نیەت پاکییە بۆ چارەسەری کێشەکان"

K24 – هەولێر
سەرۆکی پارتی سوسیالیست دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت: سەردانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا جارێکی دیکە پیشاندانی نیەت پاکییە بۆ چارەسەری کێشەکان، بەڵام بە بڕوای من تەنیا دابەشبوون چارەسەری یەکجاری کێشەکانی عێراق دەکات.
محەمەد حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتی سوسیالیست دیموکراتی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتێكی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند: "وەک کورد کێشەمان نییە لەگەڵ بەغدا، بەڵکو قەزیەمان لەگەڵیان هەیە، بەڵام ئەوان کێشەیان لەگەڵ ئێمە هەیە، بە بڕوای من ئەوان ئامادەنین بەپێی دەستوور کێشەکان چارەسەر بکەن، چونکە تائێستا خاڵێکی دەستووریان جێبەجێ نەکردووە".
راشیگەیاند: "بۆ چارەسەر کێشەکانی عێراق کۆنفیدراڵییە یان دابەشبوونی عێراق بەسەر سێ هەرێم، چونکە لە سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی عێراق بەردەوام کێشە هەبووە لەنێوان پێکهاتەکان، هەر پێکهاتەیەک لە بەغدا دەسەڵات دەگرێتە دەست، دەیانەوێت دەستبەسەر هەموو عێراقدا بگرن، تەنیا دابەشبوون چارەسەری کێشەکانی عێراق دەکات".
لەبارەی سەردانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی باڵای عێراق، محەمەد حاجی مەحموود، گوتی: "پێشتر سەرۆکی حکومەت دوای چەند رۆژێک لە پێکهێنانی کابینەی نۆیەم سەردانی بەغدای کرد، ئەمەش مانای نیەت پاکییە بۆ رێککەوتن، ئێستاش کە چووەتەوە بەغدا کارێکی باشە، دڵنیام لەوێ پێیان دەڵێ: ئێمە مافمان هەیە لەم وڵاتە و بەرگری لە مافی خۆمان دەکەین، جارێکی دیکە پیشاندانی نیەت پاکییە بەرامبەر لایەنەکان، بەڵام من پێم وانیە بەغدا هەنگاوی جدی بنێت بۆ چارەسەری کێشەکان، کازمی دەیەوێت ببێتەوە سەرۆک وەزیران رەنگە نەرمی نواندنە هەر ئەوە بێت".
ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەو دادگایەی ناویان ناوە دادگای فیدراڵی، فیدراڵی نییە، ئێمە لە عێراق پێویستمان بە دادگایەکی دەستوورییە و چارەسەری کێشەکان بکرێت، نەک دادگایەک لە دەستی حزب بێت چی پێبڵێ ئەوە بکات، ئەو دادگایە دەستوەردان لە هەموو شت دەکات، لەم ماوەیەدا خەریکبوو دەستوەردان لە بابەتی هاوسەرگیریش لە هەرێمی کوردستان بکات، کە ئیشی ئەوان نییە".
سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێی عێراق، سەرۆکی پارتی سوسیالیست دیموکراتی کوردستان گوتیشی: "ئێستا چوارچێوەی هەماهەنگی دەڵێ: لیژنەمان پێکهێناوە بۆ دیارکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیرانی نوێ، بەپێی یاسا و دەستوور دەبێ گەورەترین کوتلەی پەرلەمان کاندیدی سەرۆک وەزیران پێشکەش بکات".