پۆلیسی هەولێر: کەسێك بەتۆمەتی فاڵگرتنەوە و فێڵکردن لە ئافرەتان دەستگیرکرا
بەناوی مامۆستای ئاینییەوە نوشتەی بۆ خەڵکی کردووە و پارەی لێوەگرتوون
K24 - هەولێر:
پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، بەشی پۆلیسی قەزای خەبات، بنکەی پۆلیسی (سێبیران)، کەسێکیان بەتۆمەتی فاڵگرتنەوە و فێڵکردن لە ئافرەتان دەستگیرکردووە.
بە گوێرەی راگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، تۆمەتبارەکە خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە و لە کۆمەڵگای (قەریەتاغ) بە ناوی (م. م. ا) بە تۆمەتی نوشتەکردن و فاڵگرتنەوە و فێڵکردن لە ئافرەتان و هاووڵاتیان دەستگیرکراوە.
ئاماژە بەوەش درا، تۆمەتبار بەناوی مامۆستای ئاینییەوە نوشتەی بۆ خەڵک دەکرد و لە بەرامبەردا بڕە پارەیەکی زۆری لێ وەردەگرتن.
لەناو ماڵی تۆمەتبارەکەدا دەست بەسەر چەندین نوشتە و جادوودا گیراوە.
ئەوش خرایەڕوو، تۆمەتبار بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە و بەپێی ماددەی 240 لە یاسای سزادان، راگیراوە.