چاڤی: به‌ڵێ حه‌ز ده‌كه‌ین مێسی بگوازینه‌وه‌

چاڤی هێرناندێز راهێنه‌ری یانه‌ی بارسێلۆنا
چاڤی هێرناندێز راهێنه‌ری یانه‌ی بارسێلۆنا

چاڤی هێرناندێز راهێنه‌ری یانه‌ی بارسێلۆنا له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی پێش یارییه‌كه‌ی سبه‌ی به‌ربه‌به‌یان به‌رامبه‌ر یوڤێنتۆس، چاڤی رایگه‌یاند مێسی باشترین یاریزانی سه‌ر گۆی زه‌وییه‌، گوتیشی: له‌ ئێستادا ناتوانین مێسی بگوازینه‌وه‌.

چاڤی هێرناندێز له‌ به‌رسیڤێكی رۆژنامه‌نووساندا رایگه‌یاند كه‌ 4 یاریزانی یانه‌كه‌ی ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ یانه‌یه‌كی دیكه‌ بۆخۆیان بدۆزنه‌وه‌.

چاڤی هێرناندێز گوتیشی:من له‌ مێژه‌ زۆر بە روون و ئاشکرا بە ئۆسکار مینگوێزا و ساموێل ئۆمتیتی و ریکی پویچ و مارتن برایسوەیتم گوتووە یانەیەکی دیکە بۆ خۆیان بدۆزنەوە، راشکاوانە ئەم قسەیەم پێگوتون، هەوڵ دەدەین یارمەتیان بدەین بۆ ئەوەی بتوانن هەلێک بۆ خۆیان بدۆزنەوە، بەڵام لەم کاتەدا ئەستەمە لەگەڵ ئێمە یاریی بکەن بۆیە بۆ کەمپی مەشق و راهێنان بانگهێشتم نەکردوون.

چاڤی گوتیشی: ئێستا کاتی ئەوە نییە لەبارەی مێسییەوە قسە بکەین، کاتی ئەوەیە قسە لەبارەی یاریزانە نوێیەکانمان بکەین، لەم کاتەدا مەحاڵە بتوانین گرێبەست لەگەڵ مێسی بکەین، بێگومان حەز دەکەین مێسی بگوازینەوە، بەڵام ئێستا گرێبەستی لەگەڵ یانەیەکی دیکە هەیە بۆیە وەکو بەڕێز خوان لاپۆرتا سەرۆکی یانەکەمان گوتی: چیرۆکی مێسی لەگەڵ بارسێلۆنا بەردەوام دەبێت، بەڵام با بزانین لە داهاتوو چی روودەدات، لیۆ باشترین یاریزانی سەر گۆی زەوییە.

چاڤی هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه‌ یاریزانەکان بەهۆی مەزنێتی و ناوبانگی یانەکە دەیانەوێت بێنە بارسێلۆنا و بە پڕۆژەی یانەکەش سەرسامن.

چاڤی گوتیشی: بەڵام من ناتوانم ئێستا باسی کۆندی یان یاریزانی هەر یانەیەکی دیکە بکەم، دەستەی کارگێڕی یانەکەمان هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی تیپەکەمان بەهێزتر و باشتر بکات، ئەو کارەی ماتیۆ ئەلیمانی و جۆردی کرۆیف لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان دەیکەن بێ وێنە و نایابە، منیش هاوکارییان دەکەم بۆ ئەوەی هەر یاریزانێکی نوێ بگوازینەوە.

چاڤی هێرناندێزده‌شڵێت: هه‌بوونی ئه‌و ژماره‌ زۆربه‌ی هێرشبه‌رانم، هیچ كێشه‌یه‌كم بۆ دروست ناكات، چونكه‌ ئێستا پێنج گۆڕانكاری هه‌یه‌ و له‌مه‌ودوا هیچ یاریزانێك له‌ پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی جێگیر نییه.

بارسێلۆنا له‌ سێیه‌مین یاریی دۆستانه‌ی خۆیدا، له‌ دره‌نگایی ئه‌مشه‌و له‌ كاتژمێر 3:30ـی به‌ربه‌یان رووبه‌ڕووی یوڤێنتۆس ده‌بێته‌وه‌.