فوئاد حوسێن: دەبێ سوپای تورکیا لە عێراق بکشێتەوە

"دەبێ تورکیا و پەکەکە شەڕی خۆیان ببەنە دەرەوەی عێراق"
فوئاد حوسێن
فوئاد حوسێن

K24 – هەولێر

وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند: دەبێ سوپای تورکیا لە عێراق بکشێتەوە و دڵنیابین لەگەڵ پەکەکە شەڕی خۆیان ببەنە دەرەوەی عێراق.

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەمیانی بەشداری کردنی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە نیویۆرک گوتی: "سوپاسی ئەو وڵاتانە دەکەم کە سەرەخۆشیان لە گەل و حکومەتی عێراق کرد، بۆ قوربانیانی تۆپبارانەکەی گوندی پەرەخ لە سنووری زاخۆ، پێزانینمان هەیە بۆ ئەو وڵاتانە".

گوتیشی: "حکومەتی تورکیا باسی ئەوە دەکات کە هێرش کراوەتە سەر کونسوڵخانەکەیان لە مووسڵ، ئەگەر ئەوە بووبێت ئێمە ئیدانەی دەکەین، هەرچەندە هێشتا زانیارییەکە پشتڕاست نەکراوەتەوە و لێکۆڵینەوە دەکەین، ئەرکی ئێمە لە عێراق دیپلۆماتکاران بپارێزین".

فوئاد حوسێن، راشیگەیاند: "ئەو هێرشانەی بۆ سەر تورکیا کە نوێنەرەکەیان لێرە باسی دەکات، هۆکاری ئەوە نییە کە ئێمە زمانی زبڕمان بەکارهێنابێت، بەڵکو هۆکارەکە ئەوەیە هێرشی رۆژی 20ی ئەم مانگە بۆ سەر گوندێکی گەشتیاری لە دهۆک زۆر گەورە بوو، خەڵکی توڕە کرد، بۆیە دەبێ سوپای تورکیا لە عێراق بکشێتەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی دیکە دەبێ هاوکار و پشتیوانی عێراق بن، بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی تورکیا و پەکەکە شەڕی خۆیان ببەنە دەرەوەی عێراق".