لایه‌نگرانی ره‌وتی سه‌در ئاماده‌كاری بۆ خۆپیشاندانی سبه‌ی ده‌كه‌ن
هێزه ئه‌منییه‌كان رێگه سه‌ره‌كییه‌كانی ناوچه‌ی سه‌وزیان به به‌ربه‌ستی كۆنكرێتی داخست

K24 - هه‌ولێر:
لایه‌نگرانی موقته‌دا ره‌وتی سه‌در ئاماده‌كاری بۆ خۆپیشاندانی سبه‌ی ده‌كه‌ن و هێزه ئه‌منییه‌كانیش رێگا سه‌ره‌كییه‌كانی ناوچه‌ی سه‌وزیان داخست.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی به میدیای عێراقییه‌كانی راگه‌یاند، لایه‌نگرانی رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در ده‌ستیان به هه‌ڵدانه‌وه‌ی چادر له گۆڕه‌پانی ته‌حریر و ده‌وروبه‌ری كردووه، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماده‌كارییه‌ك بۆ ئه‌نجامدانی خۆپیشاندانی سبه‌ی، كه ماوه‌ی دوو رۆژه بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن.
میدیا عێراقییه‌كان بڵاویانكرده‌وه، به‌مه‌به‌ستی رێگریكردن له لایه‌نگرانی سه‌در له هه‌ڵكوتانه سه‌ر ناوچه‌ی سه‌وز، هێزه ئه‌منییه‌كان رێگه سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یان به به‌ربه‌ستی گه‌وره‌ی كۆنكرێتی داخستووه، هاوكات هێزێكی زۆری ئه‌منییش له ناوچه‌كه بڵاوكراوه‌ته‌وه.
رۆژی چوارشه‌ممه‌ی رابردوو خۆپیشانده‌رانی ره‌وتی سه‌در، به ئامێری به‌رزكه‌ره‌وه، به به‌رچاوی هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه، به‌ربه‌سته كۆنكرێتییه‌كانیان هه‌ڵگرت و چوونه ناوچه‌ی سه‌وز و پاشانیش روویانكرده باڵه‌خانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق.
خۆپیشانده‌ره سه‌درییه‌كان، ده‌روازه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانیان به‌زاند و چوونه ناو هۆڵی نوێنه‌رانه‌وه، ئه‌مه چه‌نده‌مین جاره، خۆپیشانده‌رانی ره‌وتی سه‌در هه‌ڵده‌كوتنه سه‌ر باڵه‌خانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران.
دوای ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی هۆڵی نوێنه‌ران، موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در په‌یامێكی ئاراسته‌ی خۆپیشانده‌رانی لایه‌نگری ره‌وته‌كه‌ی كرد و رایگه‌یاند، ئه‌وه‌ی رووده‌دات شۆڕشیی چاكسازی و ره‌تكردنه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵییه. بێگومان گه‌نده‌ڵكارانتان تۆقاند. موقته‌دا سه‌در فه‌رمانی به خۆپیشانده‌ران كرد، دوو ره‌كات نوێژ بكه‌ن و به سه‌لامه‌تی بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ماڵه‌كانیان.