دابەشکردنی مووچە لە سلێمانی دوادەکەوێت
ئەمڕۆ تەنها مووچەی هێزەکانی ناوخۆ و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دەدرێت
K24 - سلێمانی
بەهۆی نەبوونی پارە لە بانکەکان، دابەشکردنی فەرمانبەران لە سنووری سلێمانی بەراورد بە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک دواکەوتووە.
سەرچاوەیەک لە بانکی تانجەڕۆ کە نەیویست ناوی بنووسرێت بە کوردستان24ی راگەیاند: "بەهۆی نەبوونی پارە لە بانک، دوێنێ سێشەممە 9/8/2022، مووچەی هێزەکانی ناوخۆ و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە سلێمانی دابەش نەکرا، بۆیە ئەمڕۆ مووچەی ئەوان دەدرێت".
گوتیشی: "وەک لە خشتەی وەزارەتی دارایی هاتووە دەبوایە ئەمڕۆ مووچەی فەرمانبەرانی ژمارەیەک وەزارەت و دەستە دابەش بکرێت، بەڵام لە سلێمانی ئەمڕۆ تەنها مووچەی هێزەکانی ناوخۆ و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دەدرێت، بەمەش ئێستا پڕۆسەی دابەشکردنی مووچە لە سلێمانی بەراورد بە هەولێر و دهۆک رۆژێک دواکەوتووە".
لە 1ی ئەم مانگە وەزارەتی دارایی دەستی بە دابەشکردنی مووچەی مانگی تەممووز کرد و تائێستا مووچەی ژمارەیەک وەزارەت و دامەزراوە دابەشکراوە.