هاوسەری پێشووی سەلمان رووشدی باسی تەندروستی سەلمان دەکات
"بێدەنگ و نیگەران ماومەتەوە"

K24 - هەولێر:
پادما لاکشمی، هاوسەری پێشووی سەلمان رووشدی، نووسەر و رۆماننووسی هیندی-بەریتانی ئاسوودەبوونی خۆی سەبارەت بە باری تەندروستی سەلمان دەربڕی.
پادما لە تویتێکدا نووسیەتی، "ئاسوودەم بەوەی سەلمان رووشدی دوای کارەساتەکەی هەینی خەریکە باشتر دەبێت. بێدەنگ و نیگەران ماومەتەوە، دواجار دەتوانم ئاهێکی ئارامی هەڵمژم، هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ دەخوازین".
رۆژی هەینی 12ـی ئابی 2022، سەلمان روشدی، نووسەری کتێبی ئایەتە شەیتانییەکان، لە پەیمانگایەکی نیویۆرک لەلایەن کەسێکەوە هێرشیکرایە سەر و لە ئاکامدا، بە برینداری گەیەندرایە نەخۆشخانە.
پادما لاکشمی (51 ساڵ) نووسەر، چالاکوان، مۆدێل و پێشکەشکاری بەرنامەی تەلەڤزیۆنییە، بە رەگەز هیندیە و هەڵگری رەگەزنامەی ئەمەریکیە، لە ساڵانی 2004 بۆ 2007 لەگەڵ سەلمان رووشدی لە ژیانی هاوسەریدابوون و دواتر جیابوونەتەوە.
Relieved @SalmanRushdie is pulling through after Friday’s nightmare. Worried and wordless, can finally exhale. Now hoping for swift healing.
— Padma Lakshmi (@PadmaLakshmi) August 14, 2022
ئایەتە شەیتانییەکان، یەکێکە لە رۆمانەکانی نووسەر و رۆماننووسی ناوداری (هیندی- بەریتانی) سەلمان روشدی تەمەن 75 ساڵ، کە لە 26ـی ئەیلولی 1988 لە لەندەن بڵاوکراوەتەوە.
دوای ماوەیەکی کەم لە دەرچوونی ئەم کتێبە کاردانەوەکانی جیهانی ئیسلامی دەستیپێکرد و دیارترینیان، سووتاندنی ژمارەیەکی زۆر لەو کتێبە بوو لە شاری برادفۆری بەریتانیا و دواتر دەرکردنی فەتوایەك بۆ حەڵاڵکردنی خوێنی سەلمان روشدی لەلایەن ئایەتوڵا خومەینی.
بەهۆی ئەم کتێبەوە موسڵمانان سەلمان روشدی بە سووکایەتیکردن بە ئایینی ئیسلام و قورئانی پیرۆز تۆمەتبار دەکەن.