عوبه‌يدى ده‌ڵێت داعش تووشى شۆك ده‌كه‌ين

ھێشتا سووپای عێراق فەلووجەی بەتەواوەتی ئازادنەكردووە و چاوی لە ئازادكردنی مووسڵە

K24 – هه‌ولێر:

وەزیری بەرگری عێراق خالید عوبێدی سەردانی مەخمووری كرد و لەگەڵ بەرپرسانی سووپای عێراق كۆبووەوە و دوای كۆبوونەوەكەش عوبێدی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانييدا باسی لە پێشڕەویيەكانی سووپای عێراق كرد و گوتی: لە ماوەی داھاتوودا لەچەند میحوەرێكەوە داعش تووشی شۆك دەكەین.

ھێشتا سووپای عێراق فەلووجەی بەتەواوەتی ئازادنەكردووە و چاوی لە ئازادكردنی مووسڵە، شارێك كە قورسایی گەورەی داعشی لێیە و بە تاقیكردنەوەیەكی قورس دەزانرێت بۆ سووپا و حكوومەتی عێراق .

لەو نێوەندەشدا وەزیری بەرگری عێراق خالید عوبێدی سەردانی مەخمووری كرد و لەگەڵ بەرپرسە سەربازییەكانی سووپای عێراق كۆبووەوە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیشدا عوبێدی باسی لەوەكرد، كە ھێزەكانیان سەركەوتنی بەرچاویان بەدەستھێناوە و بۆ قۆناغی داھاتووش ئەوان داعش تووشی شۆك دەكەن.

وەزیری بەرگری عێراق گوتى: دەستكەوتەكان زۆرن و دوژمن ژمارەیەكی زۆر كوژراوی ھەیە بەجۆرێك نزیكەی 1300 كوژراوی ھەیە ئێمەش زیانەكانمان زۆر كەمە و ژمارەی قوربانییەكانمان بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن پشت بەخوا سەردەكەوین و بەم زوانەش ئۆپەراسیۆنەكە لە بەرەی مەخموورەوە تەواو دەبێت، بەم زوانەش دوژمن لە چەندین میحوەرەوە توشی شۆك دەكەین.