کچی بەرپرسێکی نزیک لە پوتن لە تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراودا کوژرا

ئەو بەرپرسە بە مێشکی سەرۆکی رووسیا ناودەبرێت

دەریا دوگین
دەریا دوگین

K24 - هەولێر:

بەپێی راپۆرتەکان، هێرشەکە لەرێگەی دانانی بۆمبێك لەناو ئۆتۆمبێلی دوگینەوە ئەنجامدراوە و ئامانج لێی کوشتنی دوگین بووە.

دوێنێ شەممە 20ـی ئابی 2022، دوای گەڕانەوەی دوگین و کچەکەی لە فستیڤاڵێک لە دەوروبەری مۆسکۆ، بۆمبەکە بە ئۆتۆمبێلەکەی دوگیندا تەقییەوە بەڵام لەکاتی تەقینەوەکەدا دوگین لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا نەبووە، لەئاکامی تەقینەوەکەدا کچەکەی گیانی لەدەستداوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی خۆشەوی محەممەد پەیامنێری کوردستان24 لە مۆسکۆ، دوگین لە دوا ساتەکاندا پلانی خۆی گۆڕیووە و تەنیا کچەکەی و شۆفێرێک لەنێو ئۆتۆمبێلەکەیدا بوون.

ئەلیکساندەر دوگین و داریای کچی
ئەلیکساندەر دوگین و داریای کچی

پەیامنێرەکەی کوردستان24 راشیگەیاند، سەرۆکی کۆماری گەلی دۆنستیك و سەرۆکی ئیدارەی خۆبەڕێوبەری زەپەرۆژێ، کردەوەکەیان خستەپاڵ هێزەکانی ئۆکرانیا، بەڵام سەرۆکی نووسینگەی ڤلادیمێر زیلێنسکی رەتی کردەوە، ئۆکرانیا دەستی لەو کردەوە تیرۆریستیەدا هەبووبێت.

ئاماژە بەوەشدرا، ئەلیکساندەر دوگین هیچ پۆستێکی فەرمی لەنێو کۆشکی کریملندا نییە، بەڵام دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، ئەلکساندەر کراوەتە بەڕێوبەری گشتی کەناڵی یەکی رووسیا، کە یەکێکە لە کەناڵە هەرە گەورەکانی رووسیا و نزیکە لە سیاسەتەکانی کریملن.

دوگین فەیلەسوفێکی نەتەوەپەرەستی رووسیە و بە دارێژەری ستراتیژی شەڕ لەدژی ئۆکرانیا دادەنرێت. 

داریای کچی ئەلیکساندەر دوگین، لە ساڵی 1992 لەدایکبووە و لە زانکۆی حکومی مۆسکۆ بەشی فەلسەفەی تەواوکردووە، لە میدیاکانی رووسیادا رۆژنامەنووس و سیاسییەکی کاریگەر بووە.