هەولێر هەڵمەتی لابردنی زێدەڕۆییەکان بەردەوامە و سەرپێچیکارانیش سزا دەدرێن
سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر رایگەیاند، شارەوانیی چوار بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی شارەوانی، هەڵمەتێکیان بۆ رێکخستنەوە و لابردنی زێدەڕۆییەکان لە چەند گەڕەک و شەقامێکی هەولێر ئەنجام داوە و ئەگەر سەرپێچیکارانیش پابەند نەبن سزای یاسایی دەدرێن.
چوارشەممە 18ـی تشرینی دووەمی 2026، کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند، ئەم هەنگاوە بە ئامانجی پاراستنی سیمای شار و گرنگیدان بە ژینگەی شەقام و بازاڕەکان نراوە، تێیدا بەشێکی زۆر لە زێدەڕۆییەکانی بازاڕی فەرمانبەران لە رێگای بنەسڵاوە و دوو سایدی باداوە لابراون و رێک خراونەتەوە، هاوکات ژمارەیەک تاسەی نایاسایی لە گەڕەکی کارێزان لادراون.
سەرۆکی شارەوانیی هەولێر رایگەیاند، هەڵمەتەکە بە شێوەیەکی گشتی بەردەوامیی دەبێت و رۆژانە بەدواداچوون و چاودێریی چڕ لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر دەکرێت بە مەبەستی رێکخستنەوە و رێگریکردن لە سەرپێچی و زێدەڕۆییەکان.
سەرۆکی شارەوانی هەولێر، رایگەیاند، هەر کەسێک پابەند نەبێت رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتە بەر، بە جۆرێک کە لە کاتی پابەندنەبووندا چ بە داخستنی شوێنەکە بێت یان بە سەپاندنی سزای پێبژاردن، رووبەڕووی رێکارە یاساییەکان دەکرێنەوە.