پێنج گه‌شتیاری عێراقی له توركیا گیانیان له‌ده‌ستدا
كوردستان24 ناوی قوربانییه‌كان بڵاوده‌كاته‌وه

K24 – هه‌ولێر:
له ناوچه‌یه‌كی گه‌شتیاری توركیا، له ئه‌نجامی رووداوێكی هاتوچۆدا پێنج گه‌شتیاری عێراقی گیانیان له‌ده‌ستدا و شه‌شی دیكه بریندار بوون.
به گوێره‌ی زانیارییه سه‌ره‌تاییه‌كان، ئه‌و گه‌شتیارانه له قه‌زای مرماریسی سه‌ر به پارێزگای موگلای توركیا، كه ده‌كه‌وێته سه‌ر كه‌ناراوه‌كانی ده‌ریای سپی ناوه‌ڕ است تووشی رووداوی هاتوچۆ بوونه.
به گوێره‌ی به‌دواداچوونی كوردستان24 ده‌ركه‌وتووه، قوربانییه‌كان خه‌ڵكی به‌غدا و روومادی و كه‌ربه‌لان.
په‌یامنێری كوردستان24 له‌و باره‌یه‌وه رایگه‌یاند، ناسنامه‌ی ئه‌وانه‌ی گیانیان له‌ده‌ستداوه به‌م جۆره‌یه: ئه‌یاد مسته‌فا عه‌بدولحه‌فیز، محه‌ممه‌د ستار جه‌بار، عه‌لی جه‌وده‌ت كازم، حه‌یده‌ر فازڵ جه‌لیل و ئیبراهیم محه‌ممه‌د ئه‌لعه‌ممار.
ئه‌م رووداوه، دوای ئه‌وه دێت، له دوو رۆژی رابردوودا له باكووری كوردستان، خێزانێكی خه‌ڵكی پارێزگای دهۆك به هۆی رووداوی هاتوچۆ بوونه قوربانی و پیاوێك له‌گه‌ڵ هاوسه‌ر و خوشكێكیدا گیانیان له‌ده‌ستدا و كوڕێكیشیان به سه‌ختی بریندار بوو.