زبڵ و خاشاک پایتەختی سکۆتلەندای تەنیووە
کارگوزارانی پارێزگاکە لە 18ـی مانگەوە مانگرتنیان لە کارەکانیان راگەیاندووە
K24 - هەولێر:
کارگوزارانی ئیدنبەرەی پایتەختی سکۆتلەندا لە 18 مانگەوە مانگرتنیان لە کارەکانیان راگەیاند، کە تاوەکو 30ـی ئەم مانگە دەخایەنێت و بەپرسانی تەندروستی لە سکۆتلەندا هۆشداری دەدەن لەبارەی دروستبوونی مەترسی لەسەر تەندروستی گشتی.
بە گوێرەی هەواڵێکی وێبسایتی دەیلی مەیڵی بەریتانی، تەندروستی گشتی سکۆتلەندا رایگەیاندووە، مانگرتنی کارگوزاران دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی خۆڵ و خاشاک و پاشماوەیەکی زۆر کە زیان بە تەندروستی خەڵکی دەگەیەنن.
هەروەها پێشنیاریان کرد، بۆ کەمکردنەوەی مەترسی تەندروستی، زبڵدانی شوێنە گشتییەکان پاک بکرێنەوە.
لە مانگی تەموزدا رێژەی هەڵاوسان لە بەریتانیا گەیشتە 10.1%، ئەمەش بە بەرزترین ئاستی هەڵاوسان لە ماوەی 40 ساڵی رابردوودا دادەنرێت، حکومەتیش بۆ یارمەتییدانی هاووڵاتییان، مووچەی بەشێك لە کارمەندانی زیادکردووە.
مانگرتنی کارگوزاران لە سکۆتلەندا، بۆ یەکسانکردنەوەی مووچەکەیانە لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی بەریتانیا، ئەمەش بە زیاکردنی 1,925 پاوەند بۆ سەر مووچەکانیان.
سەرەتای ئەم هەفتەیە کارگوزارانی ئیدنبەرە، پێشنیازی زیادکردنی سەدا پێنجی مووچەیان رەتکردەوە و بە "سووکایەتیکردن" ناویانبرد.