بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر: ته‌نده‌ر ده‌درێت به‌ وه‌به‌رهێنه‌ران بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی بۆڕی ئیفراز سێ

نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی به‌شی یه‌كه‌می بۆڕی پرۆژەی ئاوی ئیفراز 3
نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی به‌شی یه‌كه‌می بۆڕی پرۆژەی ئاوی ئیفراز 3

K24 - هەولێر:

سەبارەت بە گۆڕینی بۆڕی ئاوی ئیفراز سێ، زەردەشت عەبدولخالق، بەرێوەبەری ئاوی هەولێر، بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە رۆژانی داهاتوودا تەندەرەکە دەدرێت بە وەبەرهێنەران و دواتر کارەکان دەستپێدەکەن.

دوێنێ چوارشەممە، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئاشکرایکرد، به‌مزووانه‌ ده‌ست به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی به‌شی یه‌كه‌می بۆڕی پرۆژەی ئاوی ئیفراز 3ـی هەولێر ده‌كرێت.

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بە ماڵپەڕی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستانی راگەیاند، سەرەتا دوو هەزار و 750 مەتری بۆڕییەکە (لە وێستگەی مارعۆدا تاوەکو ناو شاری هەولێر) به‌ گوژمه‌ی پێنج ملیار دینار نۆژەن دەکرێتەوە، كه‌ ئێستا پرۆسەکە لە تەندەریندایە و بەمزووانە دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت.

دوای شكانی چه‌ند جاره‌ی بۆڕی ئاوی ئیفراز 3ی هه‌ولێر، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ مانگی ئایاری رابردوو بڕیاریدا به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی بۆڕییه‌كه‌ به‌ بڕی 20 ملیار و 842 ملیۆن دینار، كه‌ درێژییه‌كه‌ی 11 كیلۆمه‌تره‌ و تیره‌ی بۆڕییه‌ نوێیه‌كه  1.5 مه‌تر ده‌بێت و 10 هه‌زار مه‌تر سێجا ئاو له‌ كاتژمێرێكدا بۆ نزیكه‌ی 40%ی گه‌ڕه‌كه‌كانی ناو شاری هه‌ولێر ده‌گوازێته‌وه‌.