سەعد مەعن: هیچ گرووپ و لایەنێکی سیاسی لە لێکۆڵینەوەی قاچاخچێتیی نەوت بەشدار نین
سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی جەخت دەکاتەوە، هیچ لایەنێکی سیاسی یان گرووپێک لە لیژنەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی بەقاچاخبردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە ناوچەی جورفسەخر بەشدار نییە. هاوکات ئاشکرای دەکات، لیژنەکە لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەیانیی ئەمڕۆوە بە شێوەیەکی مەیدانی دەستی بە کارەکانی کردووە.
هەینی، 13ـی تشرینی دووەمی 2026، سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقییەی راگەیاند: هیچ لایەنێکی سیاسی یان گرووپێک لە پێکهاتەی ئەو لیژنە لێکۆڵینەوەیەدا نییە کە بۆ دۆسیەی بەقاچاخبردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە ناوچەی جورفوسەخردا راسپێرداوە.
هاوکات سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، لیژنەی لێکۆڵینەوەکە لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەیانیی ئەمڕۆوە بە شێوەیەکی مەیدانی دەستی بە کارەکانی کردووە.
سەعد مەعن روونیشی کردەوە، لێکۆڵینەوەکە پەیوەستە بەو زانیارییانەی لە بارەی بەقاچاخبردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە سنووری ناوچەی جورفوسەخردا هەن؛ ئەوەشی خستەڕوو، لیژنەکە لە بەیانییەوە گەیشتووەتە ناوچەکە و رێکارە پەیوەندیدارەکانی لێکۆڵینەوەی دەستپێکردووە، ئێستاش لە ناوچەکەدایە و بە شێوەی مەیدانی کارەکانی دەکات.
ئەمەش لە کاتێکدایە، پێنجشەممە، 12ـی تشرینی دووەمی 2026، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان فەرمانی کرد بە پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوە بۆ بەدواداچوون لەسەر زانیارییەکانی تایبەت بە بەقاچاخبردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە ناوچەی جورفولسەخر.
بە گوێرەی زانیارییەکان، ئەرکی سەرەکیی لیژنەکە بریتییە لە لێکۆڵینەوە لەو زانیارییانەی تایبەتن بە بەقاچاخبردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە سنووری ناوچەی جورفولسەخر و پێشکەشکردنی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بە نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان.
پێکهێنانی ئەم لیژنەیە لە لایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە دوای ئەوە هات، کە لە چەند رۆژی ڕابردوودا دەزگای هەواڵگریی عێراق راپۆرتێکی پشتبەستوو بە وێنەی مانگە دەستکردەکانی بڵاوکردبووەوە. لە راپۆرتەکەدا ئاشکرا کرابوو، کە لە ساڵی 2021ـەوە تاوەکو ناوەڕاستی 2026، بە شێوەیەکی بەردەوام و لە رێگەی تانکەرەوە، بڕێکی زۆر نەوت لە ناوچەی جورفولسەخر بە قاچاخ فرۆشراوە.