ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنی ئیسرائیل و توركیا
K24 - هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی "یه‌دیعۆت ئه‌حرانوت"ی ئیسرائیلی، ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنی توركیا ئیسرائیلی ئاشكرا كرد و بڵاویكردووه، بۆ ئه‌وه‌ی له چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنێكی هه‌شت خاڵیدا، په‌یوه‌ندییه‌كانییان ئاسایی بكه‌نه‌وه.
رۆژنامه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه، شاندی هه‌ردوو دوڵات له رۆمای پایته‌ختی ئیتاڵیا بۆ گفتوگۆكردن له باره‌ی ورده‌كارییه‌كانی رێككه‌وتنه‌كه كۆبوونه‌ته‌وه.
دوای حه‌وت ساڵ له گرژی په‌یوه‌ندییه‌كانیان، به‌هۆی هێرشی سه‌ربازانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر كه‌شتییه‌كی توركی، كه هاوكاری مرۆیی بۆ كه‌رتی غه‌ززه ده‌گواسته‌وه و له راگه‌یاندنه‌كاندا به رووداوی "ماڤی مه‌رمه‌ره" ناسراوه، هه‌ریه‌ك له ئه‌نقه‌ره و ته‌لئه‌بیب گه‌یشتنه رێككه‌وتن.
رۆژنامه‌كه پێشبینی ئه‌وه‌ی كردووه، هه‌ریه‌ك له ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی ئیسرائیل و حكوومه‌تی توركیا، كۆتایی ئه‌م مانگه، ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنه‌كه ده‌رده‌بڕن.
رۆژنامه‌كه، ئه‌م هه‌شت خاڵه‌ی خواره‌وه‌ی وه‌ك ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنه‌كه بڵاوكردووه‌ته‌وه:
یه‌كه‌م: ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی و ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی دیپلۆماسییه‌كان، هه‌روه‌ها گه‌ڕاندنه‌وه باڵیۆزانییان و پابه‌ندبوونی هه‌ردوولایه‌ن به خۆبه‌دوور گرتن له زیانگه‌یاندن به به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی یه‌كتر، له ناوه‌ند و هاوپه‌یمانییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، وه‌كو ناتۆ و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان.
دووه‌م: توركیا داواكاری خۆی بۆ هه‌ڵگرتنی گه‌مارۆی سه‌ر غه‌زه ده‌كێشێته‌وه، له به‌رامبه‌ردا ئیسرائیل رێگه به ئه‌نقه‌ره بدات، هاوكارییه مرۆییه‌كانی خۆی له رێگه‌ی به‌نده‌ری ئه‌شدود، دوای پشكنینیان له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه، بگه‌یه‌نێته غه‌ززه، هه‌روه‌ها رێگه به توركیا ده‌دات وێستگه‌یه‌كی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با و پاڵاوگه‌ی ئاوی خواردنه‌وه به هاوكاری ئه‌ڵمانیا و نه‌خۆشخانه‌یه‌ك له كه‌رتی غه‌ززه دابمه‌زرێنێت.
سێیه‌م: هیچ به‌ندێك له رێككه‌وتنه‌كه‌دا نییه، بۆ گه‌ڕاندنه‌وه هاوڵاتییه‌كی ئیسرائیلی به‌ناوی "ئهڤیرا مهنجستۆ" كه له سێپتێمبه‌ری 2014ه‌وه بێ سه‌روشوێن بووه، یاخود گه‌ڕاندنه‌وه رووفاتی سه‌ربازان "ئۆرۆن شاول و هادار گۆلدین" كه له پرۆسه‌یه‌كدا له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ كوژران، به‌ڵام توركیا به‌ڵێنیداوه ته‌واوی هه‌وڵه‌كانی خۆی بخاته‌گه‌ڕ بۆ ئازادكردنی ته‌واوی سه‌ربازانی ئیسرائیل، له رێگه‌ی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه حه‌ماس و به‌ڵێنی نێوه‌ندگیری حه‌ماس و ئیسرائیلیشی داوه، ئه‌گه‌ر پێویست بكات.
چواره‌م: ئیسرائیل ده‌بێت 21 ملیۆن دۆلار بداته سندوقی مرۆیی توركیا، بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی خێزان و كه‌سوكاری كوژراو و بریندارانی رووداوی مه‌رمه‌ڕه.
پێنجه‌م: توركیا سه‌رجه‌م ئه‌و دۆسیانه داده‌خات، كه له دادگاكانی وڵاته‌كه‌یدا، له دژی ئه‌فه‌سه‌ره ئیسرائیلییه‌كان تۆمار كراون له پرسی رووداوی مه‌رمه‌ڕه.
شه‌شه‌م: توركیا چالاكی سیاسی و به‌كارهێنانی خاكی وڵاته‌كه‌ی له دژی ئیسرائیل له حه‌ماس قه‌ده‌غه‌ده‌كات، به‌و مه‌رجه‌ی ئیسرائیل داوای ده‌ركردنی سه‌ركرده‌كانی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه نه‌كات، ته‌نها "سه‌ڵاح عهروری" نه‌بێت، كه ده‌ستی هه‌بووه له رفاندنی هه‌رزه‌كارانی ئیسرائیل به‌ناوه‌كانی "جیل ئهدشعار، نه‌فتالی فرانكل و ئیال یهفراش" له‌ناوچه‌ی جۆش عه‌تسیون له ساڵی 2014، هه‌روه‌ها ئه‌نقه‌ره به‌ڵێنی ئه‌وه‌ش بدات، كه جارێكی دیكه رێگه به گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و سه‌ركرده‌یه نه‌دات.
حه‌وته‌م: ده‌ستپێكردنه‌وه په‌یوه‌ندییه سه‌ربازییه‌كانی نێوان ئه‌و دوو وڵاته و له سه‌ره‌تاشدا هه‌ماهه‌نگییه هه‌واڵگرییه‌كان ده‌ستپێبكه‌نه‌وه.
هه‌شته‌م: ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گفتوگۆ له نێوان ئه‌و دوو وڵاته، بۆ راكێشانی بۆری گازی سرووشتی و بۆ ده‌رهێنان و گواستنه‌وه‌ی گازی یه‌ده‌گی ئیسرائیل و توركیاش سه‌رپشكه له كڕینی ئه‌و گازه له ته‌لئه‌بیب و فرۆشتنه‌وه‌ی له بازاڕه‌كانی ئه‌وروپا.
به گوێره‌ی رۆژنامه‌كه هه‌ریه‌ك له "جۆزیف شكانۆڤر، یه‌عقوب ناجیل" شاندی دانوستانكاری ئیسرائیل بوونه و له‌لایه‌ن توركیاشه‌وه فه‌ره‌یدون سنێرلیو ئۆغلو، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، نوێنه‌رایه‌تی ئه‌نقه‌ره‌ی كردووه.
ته‌لئه‌بیب لای خۆیه‌وه هه‌ریه‌ك له وڵاتانی رووسیا، میسر، یۆنان و قوبرسی له ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنه‌كه ئاگاداركردووه‌ته‌وه.