وەزارەتی کشتوكاڵ تۆمەتێکی بەغدا رەتدەکاتەوە
"زۆربەی بەرهەمی عەلوەکانی کوردستان ناوخۆییە"
K24 - هەولێر
وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تۆمەتێکی دەستەی دەستپاکی عێراق لەبارەی هەناردەی بەرهەمە ناوخۆییەکان رەتدەکاتەوە.
حوسێن حەمە کەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا تۆمەتێکی دەستەی دەستپاکی عێراق رەتدەکاتەوە سەبارەت بەو بەرهەمانەی لە هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی شارەکانی دیکەی عێراق کردووە.
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ، گوتی: "دەستەی دەستپاکی عێراق راپۆرتێکی ئاراستەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە، گوایە ئەو بەرهەمانەی دەنێردرێنە پارێزگاکانی دیکەی عێراق بەشێک بەرهەمی هەناردەیە و بەناوی بەرهەمی ناوخۆ دەنێردێتە شارەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، هەروەها لە خاڵێکی دیکەی راپۆرتەکە دەڵێت: کارگەکانی ئالیک لە دەرەوەی فلتەرەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، ئالیک هەناردەی شارەکانی دیکەی عێراق دەکەن، وەک وەزارەتی کشتوکاڵ بە تەواوی ئەو تۆمەتانە رەتدەکەینەوە".
گوتیشی: "لە سەرەتایی دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، یەکێک لەو هەنگاوانەی بە پێویست زانرا ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان بوو لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، کە بەهۆکاری سیاسی تیکچووبوون، بۆ ئەم مەبەستەش چەند جارێک وەزیری کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی سەردانی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقی کرد، ئەوەش لەسەر بنەمای باوەڕبوونمان بەوەی ئابووری هەرێمی کوردستان و عێراق گرێداوی یەکترن، ئەو هەنگاوەی ئێمە لێکەوتەی باشی لێکەوتەوە و لە ساڵی 2021 یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەنێوان وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و وەزیری کشتوکاڵی عێراق لە هەولێر واژۆ کرا، کە 13 خاڵ لەخۆ دەگرێت".
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، راشیگەیاند: "وەک هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکان سامانی ئاژەڵ، پەلەوەر، بەرهەمی سەوزە، پێشکەوتنی باشمان بەدەستهێناوە، ئەو بەرهەمەی لەناو عەلوەکانی هەرێمی کوردستان هەیە بەشی زۆری بەرهەمی ناوخۆییە بەتایبەتی سەوزە، بەتایبەتی لە پەتاتە، تەماتە و خەیار ئێمە گەیشتووینەتە قۆناغی خۆبژێوی، زۆر گلەیی جووتیارانی لیکەوتووەتە کە بەرهەمەکانیان بە بازاڕ ناکرێت، بۆیە بەشێکی هەناردەی شارەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەکەین".