تورکیا لە وەڵامی کۆمکاری عەرەبیدا: هەموو بڕیارەکان رەتدەکەینەوە

K24 – هەولێر
تورکیا کاردانەوەی بەرامبەر بە دواکۆبوونەوەی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی نیشاندا و دووپاتی دەکاتەوە، "تەواوی لێدوان و بڕیارەکانی ئەو کۆبوونەوەیە رەتدەکەینەوە.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت دواکۆبوونەوەی کۆمکاری عەرەبی رایگەیاند، "جارێکی دیکە لەو کۆبوونەوەیەدا شایەتی لێدوان و تۆمەتی بێبنەما لەدژی وڵاتەکەمان بووین، ئێمە بە تەواوی ئەو بڕیار و لێدوانانە رەتدەکەینەوە."
لە بەیاننامەکەدا دووپات لەوە کراوەتە کە ئەو هەڵوێست و لێدوانانە "بەهۆی هەندێک بەرژەوەندی تەسکی تاکەکەسی و کورتخایەنەوە وەرگیراون". ئاماژە بەوەشکراوە، "ئەو بڕیارانە، کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی لە بەشدارییەکی کارا و بنیاتنەر لە چارەکردنی کێشە ناوچەییەکاندا، بێبەش دەکات."
رۆژی 6ـی ئەیلول 158ـەمین کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی، لە قاهیرەی میسر بەڕێوەچوو.
بەگوێرەی لێدوانی ئهحمهد ئهبولغهیت سکرتێری گشتیی کۆمکاری وڵاتانی عهرهبی، لە کۆبوونەوەکەدا هەڵوێستی "یەکگرتوو" بەرامبەر بە "پێشێلکردنی سەروەری عێراق لەلایەن هێزەکانی تورکیا و دەستێوەردانی تورکیا لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی عەرەبی"، هەبووە.
لەبەرامبەر ئەو هەڵوێستەدا، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دووپاتیکردووەتەوە، ئەنقەرە لەسەر بنەمای یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکان لە بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکان دژی ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت.