ژمارەیەک پەرلەمانتار بوونە ئەندامی کۆنگرەی 14ی پارتی
800 ئەندام بۆ کۆنگرەی 14ی پارتی هەڵدەبژێردرێن

K24 – هەولێر
لە پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرەی 14ی پارتی دیموکراتی کوردستان، ژمارەیەک پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی بوون بە ئەندامی کۆنگرە.
هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24 لە هەولێر رایگەیاند: "هەر یەک لە عەبدولسەلام دۆڵەمەری، پێشەوا هەورامانی، ئەرشەد لۆلانی، لیزا کاکەیی، جوان رۆژبەیانی، بەختیار شوکر، بەهجەت عەلی، هێڤیدار ئەحمەد و حیکمەت محەمەد، لە فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، لە دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرەی 14ی پارتی دەنگی پێویستیان بەدەستهێنا و بوون بە ئەندامی کۆنگرە".
ئاماژەی بەوەشدا، هەر یەک لە هێمن هەورامی، زانا مەلا خالید و رێڤینگ هروری بەبێ دەنگدان دەبنە ئەندامی کۆنگرە.
پێشتر ئیدریس هادی، سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی 14ـی پارتی دیموکراتی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاندبوو، ئەندامانی سەرکردایەتی و لیژنەی هەڵبژاردن کە 21 کەسن، بەبێ هەڵبژاردن دەچنە کۆنگرە. هەر بازنەیەکی هەڵبژاردن، پێویستە چوار هەزار کەسی هەبێت و ئەگەر نەگەیشتە ئەو رێژەیە، چەند ناوچەیەک تێکەڵ دەکرێن بۆ ئەوەی ژمارەکە تەواو بێت. لە هەر بازنەیەک، چوار کەس دەچنە کۆنگرە. کۆنگرەکە 800 ئەندامی دەبێت و 25٪ـی بۆ ئافرەتان دیاریکراوە.
لە 27ی ئابی 2022، پرۆسەی هەڵبژاردن لە ئۆرگانەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کۆنگرەی 14ی پارتی دیموکراتی کوردستان دەستیپێکردووە و بڕیارە لە مانگی داهاتوودا پارتی کۆنگرە ببەستێت.