تا ئێستا پارتی وەڵامی لیژنەی ھاوبەشی یەكێتی و گۆڕانی نەداوەتەوە
بەرەی توركمانی: پێویستە رێككەوتنی یەكێتی و گۆڕان جێگەی لایەنەكانی دیكەشی تێدا بكرێتەوە
K24 - ھەولێر
ئەمڕۆ شاندی ھاوبەشی یەكێتی و گۆڕان، لە ھەولێر لەگەڵ پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكان كۆدەبنەوە، لە سەرەتاشدا سەردانی بەرەی توركمانیان كرد، دوای كۆبوونەوەیان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ھەردوولا ئامانج و دیدی خۆیان لەبارەی رێككەوتنی لایەنەكان و رەوشی سیاسی ھەرێمی كوردستان خستەڕوو.
لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا سامان گەرمیانی ئەندامی شاندی ھاوبەشی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: "داوامان لە پارتی دیموكراتی كوردستان كردووە بۆ ئەوەی سەردانیان بكەین و لەگەڵیان كۆببینەوە، بەڵام گوتوویانە ئێوە جارێ جەولەی خۆتان بكەن".
گوتیشی: "بەرەی توركمان ھەندێك تێبینی لەسەر رێككەوتنەكە ھەبوو".
ھەروەھا ئایدن مەعروف، سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانی لە پەرلەمانی كوردستان گوتی: "دەبێ لیژنەی ھاوبەشی یەكێتی و گۆڕان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كۆببێتەوە و رێككەوتنی گشتی و نیشتمانی بكرێت".
باسی لەوەشكرد: "پێویستە رێككەوتنی یەكێتی و گۆڕان جێگەی لایەنەكانی دیكەشی تێدا بكرێتەوە".
سەبارەت بە بارودخی كەركووكیشەوە ئایدن مەعروف رایگەیاند: "داوامان لە لایەنەكان كردووە دوای داعش باس لە كەركووك بكرێت".