مێشکی پیاو دوای لەدایکبوونی منداڵی یەکەم چی بەسەردا دێت؟
K24 - هەولێر:
زۆرینەی ژنان دوای لەدایکوونی منداڵی یەکەمیان گۆڕانکاری جەستەیی و دەروونی گەورەیان بەسەردا دێت، ئەنجامی توێژینەوەیەکی نوێش ئاماژە بەوەدەدات، لەدایکبوونی منداڵی یەکەم جگە لە ژنان گۆڕانکاری بەسەر پیاوانیشدا دەهێنێت.
توێژەرانی پەیمانگای تەندروستی کارلۆسی سێیەم لە مەدرید لە توێژینەوەیەکیاندا گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە باوکان دوای لەدایکبوونی منداڵی یەکەمیان 2%ی قەبارەی توێکڵی مێشکیان لەدەستدەدەن.
هۆکاری لەدەستانی ئەو بڕەی توێکڵی مێشک هێشتا روون نییە، بەڵام توێژەران ئاماژە بەوە دەدەن، گۆڕانکارییەکە دەتوانێت پەیوەندیکردنی باوکان لەگەڵ منداڵەکانیان ئاسانتر بکات.
لە توێژینەوەکەدا 40 دایک و باوک بەشدارییان کردووە، کە لەرێگەی تێستی ئێم ئاڕ ئای (وێناکردنی زرنگەی موگناتیسی) دوو جار تێستی مێشکیان بۆ کراوە، جارێك پێش لەدایکبوونی یەکەم منداڵیان و جارێکی دیکەش پاش لەدایکبوونی منداڵەکان.
سەدا پەنجای بەشداربووان خەڵکی ئیسپانیا بوون و ئەوانی دیکەش خەڵکی ئەمەریکا بوون، لەهەمانکاتدا 17 پیاوی بێ منداڵیش بەشداری توێژینەوەکەیان کرد.
ئامانج لە تێستی MRI پێوانەکردنی قەبارە و ئەستووری و تایبەتمەندییە پێکهاتەییەکانی مێشکی پیاوانە.
ئەنجامەکان دەریانخست کە پیاوەکان گۆڕانکارییەکان لە توێکڵی مێشکیاندا روویانداوە، ئەو ناوچەیەی مێشک کە تایبەتە بە پەیوەندیکردن و تێگەیشتنی کۆمەڵایەتیی، هەروەها کەمبوونەوەی قەبارەی سیستەمی بینینیان.