باوکی ژینا قسەی بەرپرسانی ئەمنی ئێران لەبارەی هۆکاری مردنی کچەکەی رەتدەکاتەوە

"کچەکەم هێچ نەخۆشییەکی نەبوو، ئەوان درۆ دەکەن"

ناشتنی تەرمی ژینا ئەمینی لە گۆڕستانی ئایچی شاری سەقز
ناشتنی تەرمی ژینا ئەمینی لە گۆڕستانی ئایچی شاری سەقز

K24 – هەولێر

وەزیری ناوخۆی ئێران، رایگەیاندووە کە پۆلیس توندوتیژی بەرامبەر بە ژینا ئەمینی نەکردووە و هۆی مردنەکەی بۆ "نەخۆشییەکی سەردەمی منداڵی" گەڕاندووەتەوە. باوکی ژینا، ئەو قسانە بە تەواوی رەتدەکاتەوە و دەڵێ، "کچەکەم هێچ نەخۆشییەکی نەبوو، ئەوان [بەرپرسانی ئێرانی] درۆ دەکەن".

ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا ئەمینی، سەرلەبەری ئەو راپۆرتانەی ئەمڕۆ (یەکشەممە 18ـی ئەیلول) لە میدیاکانی نزیک لە حکومەتی ئێران و بە تایبەت قسەکانی ئەحمەد وەحیدی وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە لەبارەی هۆکاری مردنی کچەکەی، رەتدەکاتەوە.

ئەمجەد ئەمینی، بە رۆژنامەی (هەممیهەن)ـی گوتووە، "ژینا هیچ نەخۆشییەکی نەبووە، ئەو کەسانەی دەڵێن کچەکەم پەرکەم یان نەخۆشییەکی دیکەی هەبووە، درۆ دەکەن. قورسترین نەخۆشی ئەو، پەسیوی بووە، ئەو دەنگۆیانە قسەی خۆیانە".

سەرەڕای ئەوەی تا ئێستا راپۆرتی پزیشکی داد لەبارەی هۆکاری مردنی ژینا ئەمینی بڵاونەبووەتەوە، بەڵام ئەحمەد وەحیدی وەزیری ناوخۆی ئێران لە لێدوانەکانیدا هەوڵیداوە هۆکارەکە بۆ دۆخی تەندروستی ژینا بگەڕێنێتەوە.

وەزیری ناوخۆی ئیران گوتوویەتی: ئەو خاتوونە لە تەمەنی پێنج ساڵیدا نەشتەرگەری مێشکی بۆ کراوە.

فیلم لە ناو فیلمدا

بەرپرسانی ئەمنی ئێران، گرتەی ڤیدیۆیی (ژینا ئەمینی)ـیان لە بنکەیەکی پۆلیسی تاران بڵاوکردووەتەوە. لەو گرتەیەدا تەنها ئەوە نیشاندراوە کە لەناکاو ژینا دەکەوێتە سەر زەوی.

باوکی ژینا لەبارەی ئەو فیلمەوە دەڵێت: هەندێ شوێنی ئەو فیلمەی بڵاوبووەتەوە، بڕدراوە. بۆ ئەو کاتەی کچەکەم لە ئۆتۆمبێل دادەبەزێنن، نیشان نادەن. بۆ نیشانیان نەدا لە ناو رێڕەوی بنکەی پۆلیسدا چی روویداوە؟ ئەوان گوشاری دەروونیان بۆ هێناوە و دواجار ئەو کارەساتەی لێکەوتەوە.

هاوکات مەعسومە ئبتیکار، راوێژکاری پێشووی سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری ژنان، لەوبارەیەوە بە ماڵپەڕی (دیدەبانی ئێران)ـی گوتووە: ئەو فیلمە بڕدراوە و دوای بڵاوبوونەوەی، کۆمەڵێک پرسیار دروستبووە.

مانگرتنی قوتابیانی کۆلێژی هونەری زانکۆی تاران بۆ مەحکومکردنی کوشتنی ژینا ئەمینی
مانگرتنی قوتابیانی کۆلێژی هونەری زانکۆی تاران بۆ مەحکومکردنی کوشتنی ژینا ئەمینی

ژینا ئەمینی رۆژی 13ـی ئەیلول کاتێک لەگەڵ بنەماڵەی بە مەبەستی گەشت سەردانی تارانی کردبووە، لەلایەن هێزی گەشتی ئیرشاد (هێزێکی تایبەت بە سەپاندنی باڵاپۆشی) دەستگیرکرا و دوای ئەوەی رووبەڕووی توندوتیژی بووەوە، رەوانەی نەخۆشخانە کرا و دوای سێ رۆژ گیانی لەدەستدا.

پۆلیسی ئێران، لە بەیاننەمەیەکدا رایگەیاندبوو کە ژینا بە هۆی "جەڵتەی دڵ" مردووە.

سەرەڕای ئەو قسەیە، دوو پزیشک کاتێک سەیری وێنەکانی ژینایان لە نەخۆشخانە کردووە، برینیان لەسەر رووخساری بینیوە و خوێن لە گوێی هاتووە، هەر بۆیە پێیانوایە رەوانەکردنی ژینا بۆ نەخۆشخانە، "بە هیچ شێوەیەک لەبەر نەخۆشی دڵ نەبووە".

ترێندی جیهانی

هەواڵی مردنی ژینا ئەمینی، تەواوی سۆشیال میدیای تەنی و کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی فراوانی لێکەوتوە.

هاشتاگی "مەهسا_ئەمینی" لە ناو تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا تا بەیانیی ئەمڕۆ (یەکشەممە 18ـی ئەیلول)، لە دوو ملیۆن تویت و 11 ملیۆن لایک تێپەڕی و بەو پێیە پێش هاشتاگی (لە سێدارە مەدە) کەوت کە سێ ساڵ پێشتر بووە بە ترێندێکی جیهانی.

کەنالی شیکردنەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەبارەیەوە بڵاویکردەوە کە "بەپێی ئامارەکان، گرنگییەکی زۆر بە پرسی مەهسا (ژینا) ئەمینی دەدرێ و دەکرێ لە پاڵ هاشتاگی #لە سێدارەی مەدە، وەک گرنگترین هاشتاگی مێژووی تویتەری فارسی ناوبێنین".

کاردانەوەی خەڵکی ئێران بەرامبەر بە کوژرانی ژینا ئەمینی لە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەشدا زۆر فراوان بووە، بەڵام بوون بە ترێند لە ناو تویتەردا لەو روانگەیەوە گرنگییەکی فراوانی هەیە کە رای گشتی جیهانی بۆ ئەو پرسە راکێشراوە.

هەژماری مەسیح عەلینەژاد، چالاکڤانی بوار داکۆکیکردن لە مافی ژنان، یەک لەو هەژمارانەیە کە لە بە میدیاییکردنی ئەو پرسانەدا، چالاکە و رۆڵی هەیە.

هەژماری مەسیح عەلینەژاد، لە کاتی بڵاوکردنەوەی "رۆژی دووشەممە مانگرتنی گشتی لە کوردستانەوە تا تاران"، بە هۆی یاساکانی تویتەر و بڵاوکردنەوەی "دیمەنی توندوتیژی" بۆ ماوەیەکی کاتی راگیرا، بەڵام کەمیک دواتر لەلایەن تویتەرەوە بەردەست کرا.

Fly Erbil Advertisment