فوئاد حوسێن: عێراق هەوڵدەدات ببێتە مایەی ئارامی و سەقامگیری ناوچەکە

K24 - هەولێر
فوئاد حوسێن جەختدەکاتەوە، عێراق هەوڵدەدات ببێتە مایەی ئارامی و سەقامگیری لە نێوان وڵاتانی ناوچەکە.
لە پەراوێزی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و برێت مەکگۆرک، رێکخەری کۆشکی سپی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا، کۆبوونەوە. بەگوێرەی بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە رۆڵی عێراق کراوە لە دەستەبەرکردنی سەقامگیری . هەروەها باس لە پەیوەندییە سەربازیی و ئەمنییەکانی ئەمەریکا - عێراق و جێبەجێکردنی دەرەنجامەکانی گفتوگۆی ستراتیژی نێوان هەردوولا کراوە.
فوئاد حوسێن جەختیکردووەتەوە، عێراق هەوڵدەدات ببێتە ئامرازێک بۆ سەقامگیری و نێوەندگیریکردن لەنێوان وڵاتانی ناوچەکە.