تەندروستی سلێمانی: نزیکەی 100 قوتابی خوێندنگایەك تووشی سکچوون و رشانەوە بوون
"لیژنەیەکی تایبەتمان راسپارد بۆ بەدواداچوون و پشکنینی خۆراک و ئاو"

K24 - سلێمانی:
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، نزیکەی 100 قوتابی، لە یەک قوتابخانەی شاری سلێمانی بەهۆی سکچوون و رشانەوەوە، سەردانی نەخۆشخانەی منداڵانیان کردووە.
لە راگەیەندراوێکیدا، ئەمڕۆ پێنجشەممە (22ی ئەیلوولی 2022) بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی سلێمانی ئاماژەی بەوەداوە، " لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا، نزیکەی 100 قوتابی، لە یەك خوێندنگا لە شاری سلێمانی، سەردانی نەخۆشخانەی دکتۆر جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵانیان کردوە، بەهۆی حاڵەتەکانی سکچوون و رشانەوە".
تەندروستی سلێمانی دەڵێت، لەلایەن سەباح نەسرەدین بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانیەوە، لیژنەیەکی تایبەت لە (چاودێری تەندروستی، یەکەی ئاو، تەندروستی خوێندنگاکان) راسپێردراوە، تا راستەوخۆ بەدواداچوون بکەن بۆ دۆزینەوەی نموونەی خۆراک و ئاو و ئەنجامدانی پشکنینی تاقیگەیی.
لەلایەکی دیکەوە، ئامارەکانی سکچوون و رشانەوە لەناو هاووڵاتیانی سنووری راپەڕین هەڵکشاوە و رۆژانە دەیان نەخۆش دەبردرێنە نەخۆشخانە و پێویستیان بە چاودێری پزیشکی دەبێت، ئاماژە بەوەشدراوە، کە لە 24 کاتژمێری رابردوو زیاتر لە 100 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە.
تەندروستی راپەڕین چەند رۆژێکە دەستیکردووە بە پشکنینی سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوە و گەڕان بەدوای سەرچاوەی دیکەی توشبوون بە نەخۆشییەکە.
دیار ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی راپەڕین لەو بارەیەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند، بابەتەکەمان بە گرنگی وەرگرتووە، بەڵام تا ئێستا سەرچاوەی سکچوون و رشانەوەکە دیار نییە.