واشنتن له‌پێناو به‌كارهێنانی ئینته‌رنێت له‌لایه‌ن هاووڵاتیانه‌وه به‌شێك له سزاكانی سه‌ر ئێران هه‌ڵده‌گرێت

K24 – هه‌ولێر:
واشنتن به‌شێك له سزا سه‌پێندراوه‌كانی سه‌ر تاران له بواری ته‌كنه‌لۆژیا هه‌ڵده‌گرێت، بۆ فراوانكردنی گه‌یشتن به خزمه‌تگوزاری ئینته‌رنێت له‌لایه‌ن هاووڵاتیانی ئێران.
ئه‌مرۆ هه‌ینی (23ی ئهیلوول/سێپتێمبه‌ری 2022)، وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، ئیداره‌ی وڵاته‌كه‌ی ره‌زامه‌ندی نیشانداوه له‌سه‌ر هه‌ڵگرتنی به‌شێك له سزاكانی سه‌ر ئێران له بواری هاورده‌كرنی ته‌كنه‌لۆژیا، بۆ فه‌راهه‌مكردنی ئازادی زیاتر بۆ گه‌یشتن به به‌كارهێنانی خزمه‌تگوزاری ئینته‌رنێت له‌لایه‌ن هاووڵاتیانی ئێرانییه‌وه.
وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، تاران له‌رێگه‌ی سنوورداركردنی ئینته‌رنێته‌وه، هه‌وڵده‌دات رێگری بكات جیهان ئاگاداربێت له‌و هه‌ڵمه‌ته توندوتیژه‌ی له‌دژی خۆپیشاندانی ئاشتییانه‌ی هاووڵاتیانی وڵاته‌كه‌ی ده‌ستیپێكردووه.
والی ئه‌دیمۆ، یاریده‌ده‌ری وه‌زیری گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكا ئاشكرایكردووه، به‌گوێره‌ی ئه‌و بریاره نوێیه‌ی ئیداره‌ی واشنتن، رێگه به كۆمپانیاكانی بواری ته‌كنه‌لۆژیا ده‌درێت، خزمه‌تگوزاری هێڵی ئینته‌رنێت فراوان بكه‌ن تاوه‌كو بۆ هه‌موو هاووڵاتیانی ئێرانی به‌رده‌ست بێت، به‌تایبه‌تی له‌و ناوچانه‌ی به‌هۆی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانه‌وه، له‌لایه‌ن تارانه‌وه به‌كارهێنانی هێڵی ئینته‌رنێت سنوورداكراوه.
له چه‌ند رۆژی رابردوو، ئیلۆن ماسك، خاوه‌نی كۆمپانیای ستارلینك ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، ئاماده‌یه خزمه‌تگوزاری ئینته‌رنێت له‌رێگه‌ی مانگه ده‌ستكرده‌كانه‌وه بگه‌یه‌نێته ناوچه‌كانی ئێران كه به‌هۆی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانه‌وه، حكومه‌تی ئه‌و وڵاته هێڵی ئینته‌رنێتی تێدا سنوورداركردووه.
دوای ئه‌وه‌ی "ژینا ئه‌مینی" ناسراو به "مه‌هسا ئه‌مینی" (22 ساڵ)، خه‌ڵكی شاری سه‌قزی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له میانه‌ی گه‌شتێكدا بۆ تاران له لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر كرا و به هۆی ئه‌شكه‌نجه‌دانییه‌وه به سه‌ختی بریندار بوو و پاشان ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه كرا و رۆژی (16ی ئهیلوول/سێپتێمبه‌ری 2022)، به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كه‌یه‌وه گیانی له‌ده‌ستدا.
ئه‌مه‌ش بووه هۆی ناڕه‌زایه‌تییه‌كی جه‌ماوه‌ری له سه‌رتاسه‌ری ئێران و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، به گوێره‌ی ئاماری رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ، له 50 شار و شارۆچكه‌ی ئێرانی خۆپیشاندان به‌هۆی كۆچی دوایی ژینا ئه‌مینی به‌ڕێوه‌ده‌چێت، تا ئێستاش 36 كه‌س له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه كوژراون.
پشتریش به‌هۆی هێرشه‌كانی رووسیاوه بۆ سه‌ر وڵاتی ئۆكرانیا، ئیلۆن ماسك، خزمه‌تگوزاری ئینته‌رنێتی بێسنووری له‌رێگه‌ی كۆمپانیای ستارلینكه‌وه به‌هۆی مانگه ده‌ستكرده‌كانه‌وه بۆ هاووڵاتیانی ئۆكرانی دابینكرد.