په‌رله‌مانتارێكی پارتی: ده‌بێت كێشه‌كان له‌ رێگه‌ی حكوومه‌ته‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن نه‌ك حزبه‌كان

سه‌ركرده‌یه‌كی ده‌وڵه‌تی یاسا: ئێستا ده‌زانین كێ له‌گه‌ڵ عێراق و كێ داوای سه‌ربه‌خۆیی و جیابوونه‌وه‌ ده‌كات

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/64706bc0-699f-4d3a-9f4c-d15d7627e0fa/Shandi%20Goran%20u%20puk%20ShqA.ism/manifest

K24 - هه‌ولێر:

رۆژنامەی "شەرقولئەوسەت" لە ژمارەی ئەمڕۆیدا راپۆرتە هەواڵێکی لە بارەی سەردانی شاندە هاوبەشەکەی یەکێتی و گۆڕان بۆ بەغدا بڵاوکردووەتەوە و تیایدا باس لەوە دەکات, ئەمە یەکەمجارە شاندێکی یەک نەگرتووی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق گفتوگۆ دەکات.

رۆژنامەکە، ئەمە بە سەرەتایەکی مه‌ترسيدار پێناسە دەکات لە یاریکردن بە گیروگرفتەکانی نێوان هەولێر و سلێمانی لەلایەن بەغداوە.

رۆژنامه‌كه‌ لە راپۆرتەکەیدا نووسیویەتی: "دوای 2003 هەمیشە کورد بە شاندی یەکگرتوو سەردانی بەغدای کردووە، ئەمە یەکەم جارە بە شاندی جیا لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا گفتوگۆ دەکات".

رۆژنامەکە ئاماژە بۆ لێدوانی دوو بەرپرسی پارتی دیموکراتی کوردستان و دەوڵەتی یاسا دەکات و دەنوسێت: "عەرەفات کەرەم کە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانە لە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان هەر جۆرە وتوێژ و رێکكەوتنێك بەسەرکەوتوو نابینێت ئەگەر پارتی تێیدا بەشدار نەبێت".

عەرەفات داواشی لە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران کردووە، ئەگەر دەیەوێت کێشەکانی لەگەڵ هەولێر چارەسەر بکات، پێویستە لەرێی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە چارەسەرییان بکات نەوەك لەرێگەی حیزبەکانەوە.

لەبەرامبەردا موەفەق روبەیعی ئەندامی لیستی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی، دەڵێت: "ئیتر کاتی ئەوە هاتووە هەنگاو بەهەنگاو پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەولێر هەڵبوەشێنینەوە".

هەروەها دەڵێت: "پێویستە لەمەودوا بزانین گفتوگۆ لەگەڵ کێ دەکەین و کێیە داوای جیابوونەوەو کێشە داوای فیدڕاڵی و مانەوە لە چوارچێوەی عێڕاقدا دەکات".

ئەو ئەندامەی دەوڵەتی یاسا وتی: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەك وڵاتێکی دراوسێ مامەڵە لەگەڵ بەغدا دەکات، خۆیشی لەبەرامبەر بڕیارەکانی حکوومەتی بەغدا و ڤیتۆی هەیە".

لای خۆشیەوە مەسعود حەیدەر، پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی عێڕاق، لەبارەی ئەم کۆبوونەوانە و پەیامەکەی مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە شەرقولئەوسەتی راگەیاند: "کۆبوونەوەکان زیاتر بۆ خستنەڕووی گۆشە نیگای هاوبەشی گۆڕان و یەکێتی بووە بۆ حکوومەت و لایەنە سیاسییەکانی عێراق لە بارەی کۆی بابەتە پەیوەندیدارەکانی هەردوولا".

هەروەها گوتی: "لە رووی مەبدەئیەوە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان لەسەر مافە نەتەوەییەکان یەکدەنگین، بەڵام پێویستی بە زەمینەسازی هەیە، چونکە پەرلەمان و حکوومەت ئیفلیج کراون".

شەرقولئەوسەت لە کۆتاییدا نوسیویەتی: "تا ئەمڕۆ ئەگەر ناکۆکی و تەنانەت خوێنیش لە نێوان لایەنە کوردییەکان هەبوایە، بەیەك شاند دەهاتن بۆ بەغدا، بەڵام ئەمجارە ئاماژەی مەترسیداری لێدەخوێندرێتەوە، ترسیش هەیە بەغدا یاری بەم پەتەوە بکات".