پەکەکە کوژرانی ئەندامێکی لە سلێمانی پشتڕاستدەکاتەوە

دەستڕێژی گولـلەی لێکراوە
ناگەهان ئاكارسەل ئەو ژنەی ئەمڕۆ لە سلێمانی کوژرا- فۆتۆ: رۆژنیوز
ناگەهان ئاكارسەل ئەو ژنەی ئەمڕۆ لە سلێمانی کوژرا- فۆتۆ: رۆژنیوز

K24 – هەولێر

لە گەڕەکی بەختیاری سلێمانی ژنێک درایە بەر دەستڕێژی گولـلە و کوژرا، پەکەکە رایگەیاند، ئەو ژنە ئەندامی ئەوان بووە.

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ 4/10/2022، ژنێک بەناوی ناگەهان ئاكارسەل لە گەڕەکی بەختیاری دەستڕێژی گولـلەی لێکرا و دەستبەجێ گیانی لەدەستدا، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دوای رووداوەکە رایگەیاند، لێکۆڵینەوەیان لەسەر رووداوەکە دەستپێکردووە.

دوای رووداوەکە میدیای فەرمی پەکەکە ئاماژەی بەوەداوە ئەو ژنە ئەندامی ئەوان بووە و نووسیویانە: " ناگەهان ئاكارسەل، ئەندامی ناوەندی ئەكادیمیای لێكۆڵینەوەی ژنۆلۆژی بووە لە گەڕەكی بەختیاری شاری سلێمانی تیرۆركرا".

پێشتر سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو "تەرمی ژنەکە بردراوەتە پزیشکی دادی سلێمانی، دواتر لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانییەوە زانیاری زیاتر دەخرێتەڕوو".

بەگوێرەی میدیاکانی پەکەکە، ئەو ژنە خەڵكی شاری كۆنیای تورکیایە و بە رەچەڵەك كوردە، چالاكوانی بواری ژنان و ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ژنۆلۆژی و ئەندامی ناوەندی ئەكادیمیی ژنۆلۆژی بووە.