سەرۆكکۆماری ئێران: لە دانوستانەکانی ئەتۆمی هەڵنایەین

:K24 – هەولێر
سەرۆکكۆماری ئێران رایدهگهیهنێت، لە دانوستانەکانی ئەتۆمی هەڵنایەین، بەڵام پێشکەوتنی وڵات بە داخوازی وڵاتانی رۆژئاوا نابەستینەوە.
به گوێرهی هەواڵێکی ئاژانسی فەرمی ئێران IRN، ئیبراهیم رەئیسی سهرۆككۆماری ئێران، له میانهی پێشكهشكردنی گوتارێك لە زانکۆی ئەلزەهرا لە تاران، رایگهیاند، له دانوستانەکانی ئەتۆمی کە هێشتا بە ئەنجام نەگەیشتووە، هەڵنایەین و، گوتی: "ئێمە لهسهر مێزی دانوستان ههمیشه ئاماده دهبین، چونکە داخوازی لۆژیکیمان هەیە".
سەرۆككۆماری ئێران باسی لەوەشکرد، لە نیویۆرک داوام له ئیمانوێل ماکرۆن، سهرۆكی فهرهنسا و پسپۆڕان کرد، پێمان بڵێن کام لە داخوازییەکانمان لۆژیکی نیین، پاشان دانیان بەوەدا نا کە قسەکانمان جێگەی بەرگرین''.
گوتیشی: ''ئێمە هیچ کات دانوستانە شەرەفمەندهکانمان وەلا نەناوە، بەڵام پێشکەوتنی وڵات نابەستینەوە بە زەردەخەنە یان رووگرژی ئەوانەوە''.
باسی لە خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی کرد، کە پاش گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی سەریهەڵدا و بە زانکۆکانیشدا بڵاوبووەتەوە، رهئیسی ئهوهی خستهڕوو، لەو رووداوانەی لە وڵاتدا گیانلەدەستدانییان لێکەوتووەتەوە، جێدەستی دوژمنیش دیارە، خوێندکاران و مامۆستایانمان هۆشیارن، رێگە نادەن خەیاڵە ساختەکانی دوژمن بەجێبگات و پیلانەکانی دوژمن شکست پێ دەهێنن.