بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان: له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خه‌ڵك واژوومان بۆ درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی یاسایی په‌رله‌مانی كوردستان كردووه

K24 – هه‌ولێر:
جڤاتی نیشتمانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌باره‌ی درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی یاسایی په‌رله‌مانی كوردستان له روونكردنه‌وه‌یه‌كدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، بۆ درووستنەبوونی بۆشایی یاسایی و دەستووری لە هەرێمی كوردستان، و لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خەڵک و جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هه‌رێمی كوردستان، یاداشتی لێكتێگه‌یشتن له‌نێوان فراکسیۆنە پێکهێنەرەکانی حکومەت واژووكراوه بۆ درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی یاسایی په‌رله‌مانی كوردستان.
ئه‌مڕۆ شه‌ممه (8ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، جڤاتی نیشتمانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجامدا و بڕیاریدا لە نزیکترین کاتدا دووەمین کۆنفرانسی نیشتمانی بزووتنه‌وه‌كه ببه‌ستێت.
هه‌روه‌ها جه‌ختیشی له‌سه‌ر ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نگاوه‌كانی گۆڕان كردووه‌ته‌وه بۆ ئاشتەوایی و سەقامگیری رێکخراوەیی ناوخۆی بزووتنه‌كه‌یان وه‌ك به‌شێك له ئاماده‌كارییه‌كانی کۆنفرانسی نیشتمانی.
جڤاتی نیشتمانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان روونیكردووه‌ته‌وه، پێشتر له‌رێگه‌ی فراكسیۆنه‌كه‌یانه‌وه له په‌رله‌مانی كوردستان، پێشنیازی كاراكردنه‌وه‌ی كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان و هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنیان پێشكه‌شكردووه، به‌ڵام به‌هۆی ناكۆكی حزبییه‌وه گوێیان بۆ نه‌گیراوه.
سه‌باره‌ت به رێككه‌وتنی لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی یاسایی په‌رله‌مانی كوردست، له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی جڤاتی نیشتمانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕاندا هاتووه، "بۆ درووستنەبوونی بۆشایی یاسایی و دەستووریی لە هەرێمی كوردستان، لەلایەکی دیکەش لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خەڵک و جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەکی گرنگ لەوانە جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەت و ناردنی پڕۆژەیاسای بوودجە بۆ پەرلەمان و گەڕانەوەی سەرمووچە و پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران، لەگەڵ تەواوکردنی پڕۆژەکانی ڕێگەوبان و چەند پڕۆژە یاساییەکی گرنگ لەوانە خانەنشینی هێزەکانی ئاسایش و ناوخۆ؛ یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان فراکسیۆنە پێکهێنەرەکانی حکومەت واژۆکرا".