كرملین: بڕیاره‌كه‌ی ئۆپك پڵه‌س درووسته‌ و ئه‌مه‌ریكا كۆنترۆڵی له‌ده‌ست داوه‌

كێڵگه‌یه‌كی نه‌وت
كێڵگه‌یه‌كی نه‌وت

K24 – هه‌ولێر:

گوته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تیی ڕووسیا، "دمیتری بیسكۆڤ" له‌ چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له‌ڤزیۆنیدا ڕایگه‌یاند، "بڕیاری ئۆپك پڵه‌س، بۆ كه‌م كردنه‌وه‌ی به‌رهه‌می نه‌وتی خاو، درووسته‌ و سه‌ركه‌وتنێكه‌ بۆ بیركردنه‌وه‌ی درووست".

گوتیشی: "ناڵێم ئه‌وه‌ سه‌ركه‌وتنی ئێمه‌یه‌، نا، به‌ڵكو ئه‌وه‌ سه‌ركه‌وتی بیركردنه‌وه‌ی درووسته‌".

گوته‌بێژی كرملین، ئاشكرای كرد، سه‌ردانه‌ی "ڤلادیمێر پوتن" له‌ 2019دا بۆ سعوودییه‌ و ئیمارات ڕۆڵێكی گرنگی هه‌بووه‌ بۆ ده‌ركردنی ئه‌و بڕیاره‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، له‌و سه‌ردانه‌دا "پوتن" توانی په‌یوه‌ندییه‌كی هاوسه‌نگانه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ڕێزگرتنی وه‌ك یه‌ك و سوود گه‌یاندن به‌ یه‌كدی و متمانه‌ی هاوبه‌ش درووست بكات.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، "بیسكۆڤ" گوتی: "ئه‌و بڕیاره‌ درووسته‌ی ئۆپك پڵه‌س بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا كۆنترۆڵی به‌سه‌ر بڕیار و هه‌ڵوێسته‌كانیدا له‌ده‌ست بدات".

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، ئامانجی سه‌ره‌كی ئه‌مه‌ریكاییه‌كان تێپه‌ڕاندنی بڕیاره‌كانی یه‌كێتی ئه‌وروپایه‌ بۆ سزادانی ڕووسیا و له‌وه‌شدا گوێ به‌ ره‌وشی سه‌قامگیری بازاری وزه‌ی جیهانیی نادات.

كرملین ئاشكرای كرد، بڕیاری كه‌م كردنه‌وه‌ی به‌رهه‌می نه‌وت، ئه‌مه‌ریكا ناچار ده‌كات، له‌ یه‌ده‌گی خۆی بڕێكی زۆرتر نه‌وت بخاته‌ بازاره‌وه‌، ئه‌و هه‌نگاوه‌ش هیچ سوودێك به‌ ئه‌مه‌ریكا ناگه‌یه‌نێت.

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، كۆتایی هه‌فته‌ی رابردوو، کەناڵی "ABC"ـی ئەمەریکایی لە سەر زاری شارەزایانەوە بڵاویکردەوە نرخی سووتەمەنی له‌ بازاری ناوخۆیی ئه‌مه‌ریكا، به‌ هۆی بڕیاره‌كه‌ی "ئۆپك پڵه‌س"ـه‌وه‌ هەڵدەکشێت.

"ئۆپک پڵەس" هه‌فته‌ی رابردوو بڕیاری دا ڕۆژانە دوو ملیۆن بەرمیل نەوت کەم بکاتەوە. ئەم بڕیارە لە نۆڤەمبەری داهاتوو تا کۆتایی ساڵی 2023 بەردەوام دەبێت.

"ئۆپک پڵەس" ڕایگەیاندووە، هۆکاری دەرچوونی بڕیارەکە بۆ نادیاری ڕەوشی ئابووری لە جیهاندا دەگەڕێتەوە.

شارەزایان دەڵێن: ئەو بڕیارە دەبێته‌ هۆی زیاد بوونی تێچووی کرێی گواستنەوە و نرخی گەشتی فڕۆکە، سەرەتا ناوچەکانی باکووری خۆرهەڵات و باشووری ئەمەریکا پێی کاریگەر دەبن.

"پاتریک دی هان"، سەرۆکی بەشی شیکردنەوەی بازاری نەوت و گاز لە کۆمپانیای "GasBuddy " گوتی: هەر گاڵۆنێک سووتەمەنی 10 تا 30 سەنت نرخی گران دەبێت.

پێشتریش، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، "ئەنتۆنی بلینکن" رایگەیاندبوو، ئەمەریکا رێکاری پێویست وەک وەڵام دژی سعوودیە دەگرێتە بەر، دوای بڕیاری کەمکردنەوەی بڕی هەناردەی نەوتی "ئۆپک پلەس".

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا "بلینکن" گوتی: لە بارەی پەیوەندی داهاتوومان لەگەڵ سعوودیە، بە ڕا گۆڕینەوە لەگەڵ کۆنگرێس، ئێمە ژمارەیەک رێککار دەگرینەبەر، بێگومان ئێمە شتێک ناکەین دژ بێت لەگەڵ بەرژەوەندییەکانمان".

ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ (5ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2022)، وڵاتانی ئه‌ندام له‌ "ئۆپك پڵه‌س" ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر كه‌م كردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت به‌ بڕی دوو ملیۆن به‌رمیل له‌ رۆژێكدا.

وڵاتانانی ئه‌ندام له‌ "ئۆپك پڵه‌س" ڕایانگه‌یاند، ڕێككه‌وتوون له‌سه‌ر كه‌م كردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت به‌ بڕی دوو ملیۆن به‌رمیل له‌ ڕۆژێكدا بۆ مانگی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری داهاتوو.

ئه‌مه‌ش به‌ گه‌وره‌ترین بڕی كه‌م كردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت داده‌نرێت له‌و كاته‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا سه‌ریهه‌ڵداوه‌.

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌، كۆشكی سپی له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا، نیگه‌رانی خۆی له‌ بڕیاره‌كه‌ی وڵاتانی ئه‌ندام له‌ "ئۆپك پڵه‌س" ده‌ربڕی و ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، له‌گه‌ڵ كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا هه‌موو هه‌وڵه‌كانیان چڕده‌كه‌نه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگری بكه‌ن له‌ قۆرخ كردنی نرخی نه‌وت له‌ بازاڕه‌كانی جیهاندا له‌لایه‌ن "ئۆپك پڵه‌س"ـه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و بڕیاره‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ڕووسیایه‌.

ڕووسیا له‌ لایه‌ن ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌ خۆرئاواییه‌كانییه‌وه‌ سزای به‌سه‌ردا سه‌پێندراوه‌. به‌و هۆیه‌وه‌ بڕی هه‌نارده‌ی نه‌وت و گازی ڕووسیا بۆ ده‌ره‌وه‌ كه‌م بووه‌ته‌وه‌.

ئه‌وروپایی و خۆرئاواییه‌كان به‌ گشتیی ده‌یانه‌وێت ئاستیی به‌رهه‌مهێنان زیاد بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی قه‌ره‌بووی پشكی ڕووسیا له‌ بازاردا بكرێت و نرخ هه‌ڵنه‌كشێت، به‌و پێیه‌ی ئه‌وان چاوه‌ڕوانی زستانێكی سه‌خت و كه‌می سووته‌مه‌نی ده‌كه‌ن.

به‌هۆی دابه‌زینی نرخی نه‌وت له‌ بازاڕه‌كانی جیهاندا، له‌ مانگی ته‌مموز/یۆلیۆی رابردووه‌وه‌، وڵاتانی ئه‌ندام له‌ "ئۆپك پڵه‌س"، به‌شێوه‌ی پله‌به‌ندی گۆڕانكاری له‌ بڕی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت ده‌كه‌ن به‌ ئامانجی جێگیركردنی نرخه‌كه‌ی.

له‌ سه‌ره‌تای مانگی ئه‌یلوول/سێپتێمبه‌ری رابردوودا، "ئۆپك پڵه‌س"، بڕیاری دا به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت به‌ بڕی 100 هه‌زار به‌رمیل له‌ رۆژێكدا بۆ مانگی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022 كه‌م بكاته‌وه‌.

ئه‌مه‌ دوای ئه‌وه‌ هات، له‌ مانگی ته‌مموز/یۆلیۆی رابردوودا، له‌میانی سه‌ردانه‌كه‌ی "جۆزێف بایدن"، سەرۆکی ئەمه‌ریکا بۆ سعوودیە داوای زیادكردنی بڕی بەرهەمهێنانی نەوتی كرد بۆ جێگیر كردنی نرخه‌كه‌ی له‌ بازاڕه‌كانی جیهاندا.