ئه‌ردۆغان: خۆرئاواییه‌كان به‌هه‌ڵه‌دا چوون
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكی توركیا، "ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان" ڕایگه‌یاند، وڵاتانی خۆرئاوا له هه‌ڵسه‌نگاندنی قه‌یرانی ئۆكرانیا به هه‌ڵه‌دا چوون.
ئه‌مڕۆ له ئه‌نقه‌ره، "ئه‌ردۆغان" وتارێكی پێشكه‌ش كرد و تێیدا ئاماژه‌ی به هاتنی زستانێكی سه‌خت بۆ ئه‌وروپاییه‌كان كرد.
"ئه‌ردۆغان" وتیشی: ماوه‌ی داهاتوو، ماوه‌ی ململانێكاننه، نه‌ك گه‌شه و پێشكه‌وتن، تا سامانی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان زیاتر بێت، ملیاران هاووڵاتی له ئه‌فریقاوه تا ئاسیا، بێبه‌شتر ده‌بن و ده‌ستیان به قووتی ڕۆژانه‌یان ڕاناگات.
هه‌روه‌ها وتی: تێكڕای هه‌ڵاوسان زیاتر ده‌بێت و هێنده به‌رز ده‌بێته‌وه له شه‌ست ساڵی ڕابردوودا وێنای نه‌بووبێت. هه‌موولایه‌ك تووشی كێشه ده‌بن، به تایبه‌تی خۆرئاواییه‌كان.
روونیشیكرده‌وه، له باره‌ی ئاسایشی خۆراكه‌وه تا دێت نیگه‌رانییه‌كان پتر ده‌بن، له پراگیش ئه‌و باسه كرا، له سه‌ركرده‌كانمان بیست ده‌یانپرسی ئه‌م زستانه چۆن به‌سه‌ر به‌رین، ئێمه له توركیا ئه‌و كێشانه‌مان نییه.
"ئه‌ردۆغان" ئه‌وه‌یشی وت: سه‌ركرده‌كانی جیهان بیر ناكه‌نه‌وه، تا شته‌كه نه‌یه‌ته ئارا و ڕوو نه‌دات.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، له داهاتوویه‌كی نزیكدا، به هۆی شه‌ڕی ئۆكرانیاوه، گۆڕانكاری ڕیشه‌یی به‌سه‌ر جیهاندا دێت. ئه‌وروپاییه‌كان به هۆی ڕێگرییه‌كانیان له گه‌یشتنی غازی ڕووسیا ڕووبه‌ڕووی كێشه‌ی گه‌وره ده‌بنه‌وه.